کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

20:40 - 10 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نیسبەت بە خۆپیشاندانەکانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و چەند داواکاری لە خەڵک کرد.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ڕاگەیەندراوی کۆمیسیۆنی تەشکیلات سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئێران

خەڵکی شۆڕشگێر و مافخوازی کوردستان


هەر وەک ئاگادارن، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا،لە بەشێک لە شارەکانی ئێران و کوردستان، خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئەو ناوچانە، وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە گرانی و باری خراپی ئابووری و گەندەڵیی سیاسی، ئیداری و ماڵی دامودەزگاکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بەرپرسانی، زۆر بوێرانە هاتنە سەر شەقام و بە دروشمی مافخوازانەی خۆیان، تەواویەتی ڕێژیمی ئاخووندییان کردە ئامانج.

خۆپیشاندەران کە هەموو چین و توێژەکان لە خۆ دەگرێ، دروشمی ڕووخانی ڕێژیمیان هەڵگرتووە . لە دوو توێی ئەم دروشمانە، خەڵکی ناڕەزایی خۆیان سەبارەت بە گرانی، کەم داهاتی و بێ دەرەتانی دەربڕی و سیاسەتی دەستێوەردەران و بەفیڕۆدانی سروەت و سامانی گشتیی وڵات و یارمەتیکردنی گرووپە تێرۆریستیەکانیان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە مەحکووم کرد. مخابن، بە هۆی سەرکوتی بێ بەزەییانەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، چەند کەسێک شەهید کران ، بە دەیان کەسیش برینداربوونە و بە سەدان کەسیش دەستگیر کراون.

کۆمیسیۆنی تەشکیلات لەم پەیوەندیەدا داوا لە سەر جەم چین وتویژەکانی خەڵکی شۆڕشگێری کوردستانی ئێران دەکات، دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی ناڕەزایەتی خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێران و لە ئەگەری بەردەوام بوون یان ئەگەری ڕووداونی حەرەکەتی ئێعترازی لەم چەشنە، پشتگیری لێ بکەن.

وێڕای داواکاریمان بۆ پشتیوانی لە حەرەکەت و خۆپیشاندانی خەڵکی ئێران لە دژی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی، داواکاریشین ئەم چەند خاڵەی خوارەوە ڕەچاو بکرێت.

یەکەم: بۆ ئەوەی ناوەرۆکی داخوازی و ئاراستەی خۆپیشاندانەکان خەوشدار و بەلاڕێدانەچێ، لە هەر جۆرە حەرەکەتی نەشیاو خۆتان بە دوور بگرن و لەم بارەوە وریا بن و ڕاوڕووت و پەلاماری هێزەکانی ڕێژیم بۆ سەر ئیدارە ودامودەزگا و شوێنەگشتیەکان لەقاو بدەن.

دووەم: لە هەر جۆرەتوندوتیژییەک کە بیانوو بۆ سەرکوتی خۆپیشاندەران و خەڵک بە گشتی، بە دەستەوە بدات، خۆبەدوور بکرن.مەگەر ئەوەی کە حاڵەتی پێچەوانە ڕووبدات و بتانهەوێ بەرگری لە خۆتان بکەن.

سێهەم: داوا لە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و بە تایبەت چەکدارانی ڕێژیم لە کوردستان دەکەین کە بەشداری لە سەرکوتی خۆپیشنادەران نەکەن. هاوکات وەبیریشی دێنینەوە ئەگەر بەشداری لە سەرکوتی خەڵکی مافخوازدا بکەن،لە دوارۆژدا، بۆ خۆیان لێی بەرپرسیارن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمیسیۆنی تەشکیلات

١٠ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی
٣١ی دێسامبری ٢٠١٧ی زایینی