کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری ڕێژیم دیسان هاتە دەنگ

20:54 - 10 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانەکان دژی دەسەڵاتی ئاخوندی کۆشکی دیکتاتۆری وەلەرزە خستووە و خەڵک بەردەوام لە سەر شەقامەکانن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران نیسبەت به خۆپیشاندانەکانی خەڵک ترسیان لێ نیشتووە و نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم داوایان لە بەرپرسانی باڵای خۆیان کردووە، ئیزنی خۆپیشاندان بە خەڵک بدەن.

لەو باریەوە عەبدولڕەزا ڕەحمانی فەزڵی وەزیری ڕێژیم گوتوویەتی: ئاژاوەگێڕی و زیان گەیاندن بە مڵک و ماشی گشتیی خەڵک قەبووڵ ناکەین.

ناوبراو هەروەها گوتوویەتی: \'\' لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هەڵ ڕەخسا تا دیسان خەڵک بە یارمەتی چەند بەرپرسێک پیلان بگێڕن.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم گوتوویەتی: \'\' ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە ئەنجامی کێشەی دامەزراوە ماڵی و ئیعتبارییەکان بووە و کە ئەو کێشەیەش لە سەدا ٩٥ چارەسەر کراوە.

وەزیری ڕێژیم لە کاتێکدا باسی لەوە قسانه کردووە کە خەڵک بە هۆی گرانی و نەبوونی بەرپرسیارەتی کاربەدەستانی ڕێژیم ڕژاونەتە سەر شەقام و داوی مافی خۆیان دەکەن.

لە درێژەدا ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم جەختی کردووەتەوە کە هەندێک کەس دەیانهەوێ کەڵکاژۆ لە دەرفەت بکەن و ترس و تۆقین بڵاو بکەنەوە و ئێرانی ئیسلامی وەک یاساشکەنێک پێناسە بکەن کە ئەوەش لای ئێمەوە بە هیچ جۆرێک قەبووڵ ناکرێت.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە سەرانسەی ئێران خەڵک لە شارە جیاوازەکان دژی گرانی، قەیرانەکانی کۆمەڵگە، چارەسەنەکردنی کێشەکان و باقی کێشەکانی دیکە، دژی ڕێژیمی ئێران هەستاونەتەوە و دروشمی دژی ڕێژیمیان بەرز کردووەتەوە.