کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام و ئینستاگرام لە ئێراندا داخران

20:55 - 10 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران لە ترسی تەشەنەسەندنی خۆپیشاندانەکانی خەڵک دژی گەندەڵی و خراپی باری ژیان کارپێکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تێلێگرام و ئینستاگرامی لەسەر مۆبایل ڕاگرت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، هێشتا نازانرێت کە ئایا بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن تێلێگرام لە سەر کامپیۆتێرەکان بەکار بهێنن یا نا.

لەبارەی ئەوەیکە چ ناوەندێکی ڕێژیمی ئێران بڕیاری وەستانی کارکردنی ئەم دوو تۆڕە کۆمەڵایەتییەی داوە، هەواڵدەریی دەنگ و رەنگی ڕێژیم ئاشکرای کردووە کە ئەم بڕیارە لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دراوە و ئامانج لێی ئەمنیەت و هێمنیی هاووڵاتییانە.

لەلایەکی دیکەوە پاڤێڵ دووڕۆڤ بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی تێلێگرام لە پەیامێکی تویتێریدا ڕایگەیاندووە: پاش ئەوەیکە لەگەڵ ویستی لێپرسراوانی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ ناچالاک کردنی کاناڵە تێلێگرامییەکانی نێوخۆی ئێران کە ڕووداوەکانی ئەم دواییانە دەگوازنەوە دژایەتیمان کردووە، تێلێگرام لە ئێران داخرا.

جێی باسە کە خەڵک بۆ ڕێکخستن و دیاریکردنی کاتی خۆپیشاندانەکان و گەیاندنی نویترین زانیارییەکان لە ئێراندا کەڵک لە تێلێگرام و ئینستاگرام وەردەگرن.

بەپێی دوایین زانیارییەکانیش دوای خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێران و کوردستان هێڵی ئێنتێنرنێت بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز کرا.