کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سنە، کەنگاوەر، دێهلۆران و کرماشان خرۆشان

00:26 - 12 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ ڕێپێوانە ئێعترازییەکانی تاران و شارە گەورەکانی دیکەی ئێران بەشێک لە شارەکانی کوردستانیش پەیوەست بە خۆپیشاندەران بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ لە درێژەی ڕێپێوانە ئێعترازییەکان لە شاری کرماشان، لاوانی دەروەست وێڕای بەرزکردنەوەی درووشمی شۆرشگێڕانەی وەک بژی کوردستان، بژی پێشمەرگە، کوردستان یەک وڵاتە کرماشان ڕۆژهەڵاتە، مەرگ بۆ ڕوحانی، هەڵیانکووتایە سەر بنکەیەکی ڕێژیم لە چوارڕێیانی نەوبەهار و ئاگریان تێبەردا.

خۆپیشاندانی ئەم ئێوارە لەکاتێکدا بەڕێوەچوو کە زۆربەی مەیدان و شەقامە سەرەکییەکانی کرماشان بە چەکدارانی ملهۆڕ تەنرابوو کە هەوڵی چاوترسێن کردنی خەڵکیان دەدا.

شایەتحاڵان باس لەوە دەکەن کە ڕێژیم لە کرماشان لەڕێگەی کەسانی نەفس‌نزمەوە کە لە زیندانەکان بەتۆمەتی قەتڵ و دزی دەسبەسەر کرابوون، هەوڵی داوە بە گژ خۆپیشاندەرانەوە بچێت کە ئەم پیلانەشی سەری نەگرتووە و خەڵکی ناڕازی پاشەکشەیان لە ویستەکانیان نەکردووە.

هەروەها ئەمشەو بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی مافویستی شاری سنە ڕژانە سەر شەقامەکان و لە چوارڕێیانی ژاندارمێری و شەقامی ٦ی بەهمەن بە دانی درووشمەکانی وەک مرگ بر دیکتاتور لەدژی دەسەڵات بەدەستانی تاران ڕاپەڕین کە لەگەڵ دژکردەوەی تووندی چەکدارانی ڕێژیم بەرەوڕوو بوویەوە.

بەپێی دوایین زانیارییەکان، لە شاری سنەدا ڕێژیم لە ئەنجامی ترس لە ڕاپەڕیوان تەقەی کردووە و باس لە بریندار بوون و کوژرانی چەند کەسێکیش دەکرێ.

هەروەها لە شاری کەنگاوەری پارێزگای کرماشان و دێهلۆرانی پارێزگای ئیلام لاوانی بەهەست و خەڵکی وەزاڵەهاتوو ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و وێڕای داواکردنی مافی بەرحەقی خۆیان، لەدژی زوڵم و زۆری و گەندەڵییەکانی ڕێژیم درووشم دەدەن.