کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە ترسدا بڕیارەکانی خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە

14:10 - 12 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران لە ترسی پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکان و لەنێوچوونی دەسەڵاتی خۆیان، لە بڕیاری زیادکردنی نرخی ئاو، کارەبا، گاز و هێلکە پەشیمان بووەوە.

وتەبێژی کۆمیسیۆنی تەلفیقی بوودجە، عەلی ئەسغەر یوسف نژاد لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا باسی لە زیاد نەکردنی نرخی ئاو، کارەبا و گاز کرد، کە بڕیار بوو لە بوودجەی ساڵی١٣٩٧دا نرخەکەیان زیاد بکات.

بەڵام بە هۆی دەسپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە شارە جیاوازەکانی ئێران و کوردستاندا بە دژی گەندەڵی و خراپی باری ژیان و دانی دروشمی دژی کاربەدەستان و بەرپرسانی باڵای ڕێژیم، کاربەدەستانی ئەم ڕێژیمە ترسیان لێ نیشتووە و ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆیانیش بووە بە بڕیارەکانیاندا بچنەوە.

ڕێژیمی ئێران بە بەردەوامی پشتگیریی لە تێرۆر کردووە و بەشێکی زۆری بوودجەی وڵاتی بۆ ئامانجە تێرۆریستییەکان و دژە مرۆییەکانی بەکار دەهێنێت و گوزەرانێکی سەختی بۆ خەڵکی ئێران دروست کردووە، خەڵکی ئێران بە دەست گەندەڵی و گرانی لەڕادەبەدەر وەزاڵە هاتوون.

ڕێژیم پێی وایە بە زیاد نەکردنی نرخی گاز، کارەبا و ئاو دەتوانێت پێش بە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی بگرێت و تووڕە بوونی خەڵك دابمرکێنێ.

جێی ئاماژەیە، لە کاتی دەسپێکردنی خۆپیشاندانەکان، ڕێژیم بۆ پێشگرتن لە تەشەنەسەندنی ئەم ناڕەزاییەتییانە لە هیچ جۆرە توندوتیژی و هێرشێک بۆ سەر خەڵك خۆی نەپاراستووە و ئێستەش دەیەوێت لە ڕێگەی زیاد نەکردنی داهاتانەی ئاو، کارەبا و گاز کە لە پێداویستییە سەرەتایییەکانی مرۆڤن، تووڕەیی خەڵك کەم بکاتەوە.