کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەنووسە بیانییەکان بۆیان نییە له ئێران نزیک خۆپیشاندەران ببنەوە

14:54 - 12 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران پێش له ڕۆژنامەنووسە بیانییەکان دەگرێت، هەتا لە خۆپیشاندەران نزیک نەبنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی کاناڵی یەکی تەلەفزیۆنی ئالمان(ARD) له ئێران، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم، هەڕەشەیان له هەواڵنێرە بیانییەکان کردووە، که به هیچ شێوەیک نابێت نزیکی خۆپیشاندەران ببنەوە و بۆیان نییە وێنه و فیلم له خۆپیشاندانەکان بگرن.

ناتالی ئەمیری، هەواڵنێری تەلەفزیۆنی گشتیی ئالمان، باسی لەوە کردووە، که شارەکانی ئێران بە چڕی میلیتاریزه کراون و هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم به توندی خەڵک سەرکوت دەکەن و هیچ هەواڵنێرێک ناتوانێت ڕاستەوخۆ ڕاپۆرتی دروست بکات و بەناچاری له گرتە ویدئۆییەکانی دانراو لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کەڵک وەردەگرن.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە درێژەی مێژووی سەرکوتگەرانەی خۆی به بەردەوامی پێشی له بڵاو بوونەوەی زانیاری و هەواڵه ڕاستەقینەکان گرتووە و هەتا ئێستەش به توندی لەگەڵ هەواڵنێرەکان، بەتایبەت هەوالنێرە بیانییەکان بەرەوڕوو دەبێتەوە و هەواڵنێرە بێسنوورەکان له ئێران سنووردارن.