کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی لە عەرەبستان کردووە

14:56 - 12 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکی شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیم، هەڕەشەی لە عەرەبستان کردووە، کە بە هۆی دەستێوەردانەکانی لە ئێراندا وڵامێکی توند وەردەگرێتەوە.

کاناڵی تەلەفزیۆنیی المیادین لە وتووێژێکدا لەگەڵ عەلی شەمخانی سەرۆکی شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیم وتوویەتی: دوژمنایەتی ئامریکا بەتایبەت ترامپ لەو قۆناغەدا بۆ ئێمە قەبووڵ ناکرێت و ئەوەش بۆ ئێمە ئاشکرایه.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، کە تەنیا وڵاتی ئێمە کێشەی ئابووری نییە، بەڵکوو هەموو وڵاتانی جیهان لەگەڵی بەرەوڕوون و ئێمەش دەمانزانی کێشەی ئابووری بۆ خەڵک دەبێتە جێگەی پرسیار و داوای لێپرسینەوە دەکەن.

ناوبراو لە درێژەدا وتوویەتی: بەشێکی دیکەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، ڕەخنە لە تەلەفزیۆنه نێوخۆییەکانە. هەروەها باسی لەوەش کردووە، کە لە سەدا ٢٧ی هەشتەگی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە لایەن عەرەبستانی سعوودیەوە ئەنجام دەدرێت و ئیسرائیل و ڕۆژئاواییەکانیش پشتیوانی لێ دەکەن.

شەمخانی لە قسەکانیدا جەختی کردووەتەوە، سعوودییەکان بە هۆی ئەو کارەیان وڵامێکی باش وەردەگرنەوە و بە باشی لە وڵامەکە تێ دەگەن.

عەرەبستانی سعوودی، هاوپەیمانەتی عەرەبی و ئامریکا، ڕێژیمی ئێرانیان وەکوو تاوانباری سەرەکی لە پڕچەک کردن و دنەدانی حووسییەکان لەو هێرشە ناساندووە و لەو بارەیەوە هاوپەیمانی عەرەبی کە لە لایەن عەرەبستانی سعوودی ڕێبەری دەکرێت، رایگەیاندووە، کردەوەی ئێران ڕاگەیاندنی شەڕ بە دژی عەرەبستانە و هاوپەیمانەتی عەرەبی وڵامدانەوە و بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانە بە مافی ڕەوای خۆیان دەزانێت.