کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەیەکی باڵای سپای پاسداران هەڕەشەی سەرکوتی یەکجارەکی دەکات

15:14 - 12 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: لە پێنجەمین ڕۆژی ناڕەایەتییەکاندا، فەرماندەیەکی سپای پاسداران باسی لە سەرکوتی خەڵک کردووە.

جێگری فەرماندەی قەرارگای ساروڵڵا، ئیسماعیل کەوسەری، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١١ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، وتوویە: ئیزن نادەین کە ناڕەزایەتییەکان درێژە بکێشن و بڕیاری کۆتایی دەدەین و دەست دەکەین بە سەرکوتی یەکجارەکی ناڕەزایەتییەکان.

قەرارگای ساروڵڵا بەشێکە لە ڕێکخستنی ئەمنییەتی سپای پاسداران، کە ڕاستەوخۆ لە فەرماندەیی گشتی سپای پاسدارانەوە بڕیار وەردەگرێت، ئیسماعیل کەوسەری لەسەر شارە ڕاساوەکانی دیکەی ئێران و بەرەڕوو بوونەوەی سپای پاسداران لەو شارانە، هیچی نەوتووە.

ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە مەشهەد دەستیان پێ کرد، سەرەتا خەڵک دژ بە بارودۆخی خراپی ئابووری دروشمیان دەدا، بەڵام بەرەبەرە لە مەشهەد بۆ شارەکانی تاران، کرماشان، قوم و شارەکانی دیکە، خەڵکی ناڕازی ڕووی دروشمەکانیان لە ڕێژیم و سەرکۆمار و ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد.

بەرپرسانی ڕێژیم بە مەبەستی پێشگیریی لە تەشەنەی ناڕەزایەتییەکان و ڕێکخستنی خەڵکی، لە هێڵی ئێنتێرنێتدا کێشەیان دروست کردووە و هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک ئینستاگرام و تلێگرامیان لەکار خستووە، ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە لە ئێراندا کاربەری زۆریان هەیە و بە بەرفراوانی کاریان پێ کراوە.

هەندێک کەسایەتی سیاسی و ڕێبەرانی بەناوبانگی وڵاتانی دەرەوە پشتگیریی خۆیان لە خەڵکی ڕاساو دەربڕیوە و هۆکاری ناڕەزایەتییەکانیان بۆ ئاکامی پشتگوێخستنی خەڵک لە لایەن ڕێژیمی ئێران و یارمەتیدانەکانی ڕێژیم بە حیزب و لایەنە توندئاژۆکان لە عێراق، سووریە، یەمەن و فلستین و وڵاتانی دیکەی جیهان، زانیوە.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا هەر لە دووهەم ڕۆژی ناڕەزایەتییەکان وەدەنگ هاتوون و پشتگیریی خۆی لە خەڵک دەربڕیوە.

خەڵکی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەلات، کە بە درێژایی تەمەنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، زۆرترین چەوسانەوە و خەساریان بەرکەوتووە و بەردەوام لە لایەن حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئەو ڕێژیمەوە پشتگوێ خراون و کەمترین خزمەتگوزاریان بۆ کراوە، دەنگی خۆیان خستە پاڵ شارەکانی دیکەی ئێرانەوە و هاتنە سەر شەقام و ناڕەزایەتی و بێزاریی خۆیان لەو ڕێژیمە دەربڕی.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانیش، ڕۆژی شەممە ٩ی بەفرانبار، لە ڕاگەیندراوێکی هاوبەشدا هۆکاری ئەو سەرهەڵدانانەیان بۆ داڕمان و کێشە کەڵەکەبووەکانی ئابووریی و سیاسەتی چەوت و دەستێوەردانەکانی ئێران زانیوە و داوایان لە خەڵکی ڕۆژهەڵات کردووە، هەتا دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی خەڵکی ناڕازیی ئێران و بۆ دابین کردنی دادپەروەری و ژیانێکی باش و داهاتوویەکی دێمۆکراتیک، هەوڵ بدەن.

لە ئاکامی ئەو خۆپیشاندانانەدا کە ئەم چەند ڕۆژە لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا بەڕێوە چوون، تا ئێستا ١٦ کەس کوژران و بە دەیان کەسیش بە دەستی هێزەکانی سپای پاسداران و بەسیجەوە بریندار کراون.