کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگی هەنگاوەکانی ڕۆژانی پاکانەحیساب دێ

22:06 - 12 بەفرانبار 2717

مستەفا هیجری

ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی بەفرانبار، هەزاران کەس لە خەڵکی شاری مەشهەد لە کاتژمێری ١٠ی بەیانیدا لە بەرانبەر شارەوانیی شار بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە گرانی کۆ بوونەوە. هاوکات لەگەڵ مەشهەد لە شارەکانی یەزد، کاشمەر، نیشاپوور، نەوشەهر و چەند شارێکی دیکە خەڵک لە ڕێپێوان و کۆبوونەوەکانی خۆیاندا، سەبارەت بە گرانی نرخی پێداویستییەکانی ڕۆژانە و لە لایەکی دیکەوە بەرامبەر بە بێکاری و بێداهاتییان کە لەگەڵ گرفتی جیددی ژیانی ڕۆژانەیان بەرەوڕووی کردبوونەوە، بێزارییان لە ڕێژیم دەربڕی.

لەو ڕۆژەوە هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم بابەتە (١٣٩٦/١٠/١٢) خۆپیشاندانی گەلانی ئێران لە چەندین شار بەردەوامە. ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانە درێژەی ئەو زنجیرە ڕێپێوانانەن کە لە مانگەکانی سەرەتای ئەمساڵدا، بەتایبەت لەو چەند مانگەی دواییەدا ڕۆژانە لە شارەکانی ئێران بەڕێوە چووبوون و هەر جارێ داوا و ویستێکیان هێناوەتە بەرباس، وەکوو داواکردنی مووچەی دواکەوتووی کرێکاران، ناڕەزایەتی بەرامبەر بە هەڵلووشینی پارەی خەڵکی هەژار کە بە هیوای وەرگرتنی سوودەکەی لە هێندێک لە بانکەکانیان دانابوو کە بە تێکڕای سەرمایە و بەهرەکانیشەوە لە لایەن هێندێک لە مۆرە و دامودەزگا دەسەڵاتدارە گەندەڵەکانی ڕێژیمەوە تێداچوون.

دروشمەکانی خەڵکی ناڕازی ئەگەر لە سەرەتاکانی ئەمساڵەوە زۆرتر سەبارەت بە داخوازی بەرتەسک و بچووکی ئابووری و وەرگرتنی مووچەی دواکەوتوو، یان سەبارەت بە قەرەبوو کردنەوەی زەرەر و زیانەکانی ئەو پارانەیان بوو کە لە بانکەکان دایان نابوو، وردەوردە و بەتایبەت لە ڕێپێوانەکانی پێنجشەممە و هەینی مەشهەد و قوم و کرماشان تەواو ڕەنگ و بۆنی سیاسی و دژی ڕێژیمی بە خۆیەوە گرت.

نموونەی ئەم دروشمانەی کە خەڵک لەم خۆپیشاندانانەدا دەریانبڕیوە بریتین لە:

دەستبەرداری سووریە بە، فکرێک بە حاڵی ئێمە بکە، مەرگ، یان ئازادی، زیندانیی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ، خەڵک سواڵ دەکات ئاخوند خودایی دەکات، مەترسێن مەترسێن، ئێمە هەموومان پێکەوەین،نە غەززە، نە لوبنان، گیانم بە فیدای ئێران، مردن بۆ دیکتاتۆر، چە هەڵەیەکم کرد کە شۆڕشم کرد، مردن بۆ حیزبوڵڵا، کۆماری ئیسلامیمان ناوێ و ... .

بەرفراوانیی خۆپیشاندانەکان و بەتایبەت ناوەڕۆکی دژە ڕێژیمیی دروشمەکانی خەڵک لە تەواوی ماوەی تەمەنی ئەو ڕێژیمەدا بێوێنەیە، بۆیە ئەگەر لە ماوەی یەک مانگی ڕابووردوودا چەندین بوومەلەرزە تاران و شارەکانی دیکەی ئێرانی ڕاشەکاند و بەداخەوە لە پارێزگای کرماشان کارەساتی خولقاند، ئەم خۆپیشاندانەش بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بوومەلەرزەیەک بوو کە لە ڕاستیدا تەختی دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمەی لەراندەوە و وادیارە ئەوانیش لەرزینی دەسەڵاتەکەیان هەست پێ کردووە و هەرکام بە شێوەیەک ئەو هەستەیان دەربڕیوە.

چەند نموونە لە نیگەرانی و ترسی بەرپرسانی ڕێژیم لەم جووڵە نوێیەی خەڵکی ئێران بریتین لە:

ـ لەو ڕۆژانەی دواییەدا ڕەوتی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە هێندێک لە شارەکان شکڵی گرتووە، کە دروشمەکانی ئەوان بۆنی وەیشوومەی فتنە لێ دێ. (١)

ـ سەرنج نەدانی هێندێک لە دامودەزگاکانی دەوڵەتی بە داواکاریی بژیویی خەڵک، کاری گەیاندە دەربڕینی ناڕەزایەتی سەر شەقام، هەر چەند لەو گردبوونەوانەدا، خەڵک دەستپێکەرن، بەڵام ئەوەی کۆتایی پێ دێنی مەرج نییە خەڵک بن.(٢)

هۆی تووڕەیی خەڵک چییە؟

لە ماوەی نزیک بە چل ساڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا، خەڵکی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر کەوتنە ژێر زەخت و زۆری ئەمنییەتی، ئابووری، کولتووری و ... .

لەو ماوەیەدا ئەو خەڵکە بە هۆی باوەڕە ئایینییەکانیان، شوێندانەریی شانۆگەرییە جادووگەرانەکانی ئاخوندە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم، توندوتیژی و سەرکوتی بێبەزەییانەی ناڕازییەکان و چەند هۆکاری دیکە، زۆربەی خەڵک ئەگەر جاروبار بۆڵەیەکیشیان دەکرد، بەڵام ئامادە نەبوون بە هاتنە سەر شەقامەکان گیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە. بەتایبەت لەو ماوەیەدا تاقمی بەناو ڕێفۆرمخواز بە چاوەڕوان کردنی خەڵک سەبارەت بە ئەگەری ئاڵوگۆڕ لە ڕێژیمدا دەورێکی نەرێنیی زۆر خراپیان گێڕا و خەڵکیان لەو چاوەڕوانییەدا ڕاگرت، هەتا لە کۆتاییدا وێرانی وڵات، بێدەرەتانی خەڵک و نەبوونی نان و ئازادییان لە لایەک و تێچووی بێسنوور بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان، فراوانخوازیی سەرانی ڕێژیم لە دەرەوەی وڵات و تێوەگلانیان لە چەندین شەڕی پڕتێچوو کە دەیان میلیارد دۆلار سامانی وڵاتی بۆ بەفیڕۆ دراوە، گەندەڵی و تاڵانی داهاتی وڵات لە لایەن بەرپرسانی ورد و درشتی ئەو ڕێژیمە و لەقاودانی دزی و تاڵانەکانی یەکتر، بۆ خەڵک ڕوون بووەتەوە کە ئەو ڕێژیمە چ ماڵوێرانێکی بۆ پێک هێناون و چۆن ئەو ماڵوێرانییە ڕۆژبەرۆژ قووڵتر دەبێتەوە.

چەند نموونەی زۆر بچووکی دانپێدانانی بەرپرسانی ڕێژیم بە گەندەڵییەکانیان و ئەو ماڵوێرانییەی کە بەسەر خەڵکی ئێرانیان هێناوە ئاماژە پێ بکەین:

ـ حوجەتولئیسلام محەممەد جەعفەری مونتەزیری دادستانی گشتی، لە کۆبوونەوەی پسپۆڕیی پولیسی بەربەرەکانی لەگەڵ قاچاخ کردنی شتومەک و پووڵ دەڵێ: کاتێک هێندێک لە بەرپرسان و کەسانێک کە دەبێ بە دڵسۆزییەوە لە مەیدانی بەربەرەکانی لەگەڵ قاچاخ چالاک بن، بۆ خۆیان، یان منداڵەکانیان، یان کەسانێک کە پێوەندییان بەوانەوە هەیە بە جۆرێک لە کاری قاچاخ کردندا بەشدارن، چۆن دەکرێت چاوەڕوان بین بەربەرەکانی لەگەڵ قاچاخ کردن بە ئاکام بگات؟، ناوبراو هەر لەو کۆبوونەوەدا و لە بەشێکی دیکەی لە قسەکانیدا دەڵێ: ڕاپۆرتێکیان لە یەکێک لە پارێزگاکان پێ گەیشتووە کە ١١٢٨ کانتینر شمەکی قاچاخ دۆزرانەتەوە، ئەو ١١٢٨ کانتینرە مەگەر دەرزییەکە کە لە قوتوو شقارتەی بنێی... .(٣)

ـ ماڵپەڕی فەرمیی مەجلسی شۆرای ئیسلامی لە زمان خانم پەروانە سەلەحشوور دەڵێت:
ـ بەپێی تازەترین ئامارەکان، ئێران پلەی یەکەمی هەیە لە توندوتیژی کۆمەڵایەتی لە نێو ١٤٢ وڵاتی دونیادا، ئەو ڕاپۆرتە لە درێژەدا دەڵێت: لە بەفرانباری ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، ڕێکخراوی پزیشکی یاساییی ئێران ڕایگەیاند کە لە ماوەی هەشت مانگی سەرەتای ئەو ساڵەدا، زیاتر لە چوارسەد هەزار برینداری پێکهەڵپرژانی خەڵک گەیندراونەتە ناوەندەکانی پزیشکی یاسایی.

ـ ئێران پلەی یەکەمی لە خۆسووتاندنی ژنان لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاستدا هەیە (٤).

خۆکوشتن لە ئێراندا بە شێوەیەکی سەرسوورهێنەر لە هەڵکشان دایە، فایلەکانی دەستبردن بۆ خۆکوشتن لە ماوەی ٥ ساڵدا، لە ساڵی ١٣٩٠ تا ١٣٩٤ لە نێو ژناندا ٦٦% و لە نێو پیاواندا ٧١% زیادی کردووە (٥).

ـ بەپێی تازەترین لێکۆڵینەوەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران کە ئاکامەکەی لە ١٩ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا بڵاوکرایەوە، نزیک ٢٤%ی خەڵکی ئێران تووشی کێشەگەلی دەروونین.

ئەوانە تەنیا نموونەگەلێکن لە دۆخی نالەباری خەڵکی ئێران، کە بەرهەمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بۆ ئەوانە، نەگبەتی و نەهامەتییەک کە ڕۆژبەڕۆژ زیاتر کەڵەکە دەبێ و ڕێژیم نە دەیەوێ و نە توانای چارەسەرکردنی ئەم هەموو کێشانەی هەیە. لە کاتێکی ئاوا دایە کە خەڵک متمانەی بە ڕێژیم نامێنێ و هیوابڕاو دەبێ لە چارەسەریی کێشە بێسنوورەکانی و دەست دەداتە سەرهەڵدان و دەربڕینی ناڕەزایەتیی دژی ئەو ڕێژیمەی کە لە جیاتی ژیانێکی شیاوی سەردەمیانە، دۆزەخێکی بۆ پێک هێناون، سەرهەڵدانێک کە ئێمە لە ئاکامی ڕاپۆرتی سیاسیی کە پێشکەش بە هەفدەیەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیمان کرد، بەم چەشنە پێشبینی کراوە:
دوورەدیمەنی داهاتووی ئێران ئێرانێکی شکستخواردوو لە دەرەوە، لە باری ئابووری و سیاسی پەراوێزخراو، لە نێوخۆ بەرەوڕوو لەگەڵ گرفت و ناتەبایی و ناڕەزایەتی کەڵەکەبوو کە رۆژبەڕۆژ زیاتر دەبێ. (٦)

ئەو خۆپیشاندانانە و دروشم و داخوازییانەی خەڵک هەموو هێڵە سوورەکان و شتە بەناو پیرۆزەکانی ڕێژیمی بەزاندووە و تێکی شکاندووە، ورەیەکی نوێی وەبەر خەڵک ناوە و کۆماری ئیسلامیی لە چەند ڕێیانەیەکی دژواردا داناوە، کە بڕیاردان بە هەر بارێکدا تێچوویەکی زۆری بۆی هەیە:
یەکەم ـ ڕێژیم کە ساڵانێکە بە ناوی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی، کێشە و ئاڵۆزیی لە چەندین وڵاتی موسڵمانی وەک عێراق، لوبنان، یەمەن، فلستین و ... سازکردووە یان خۆی تێوەگلاندووە و داهات و سامانی وڵات و تەنانەت نانی سەر سفرەی هەژارانی ئێرانی لەو ڕێگایەدا سەرف کردووە و بە دروشمی ساویلکانە و عەوام خەڵەتێنی لەنێوبردنی ئیسرائیل و دژایەتیی لەگەڵ ئامریکا و وڵاتانی عەرەبی موسڵمان ویستوویەتی خۆی لە ڕواڵەتی پشتیوانی ئیسلامی (شێعەی ویلایەت فەقیهـ)ی لە دنیادا لە قەڵەم بدات و ناتوانێت دەستی لێ هەڵبگرێت؛ لەمەوبەدوا سیاسەتێکی ماقووڵانە لە پێناو ڕازی کردنی خەڵکی خۆی بگرێتەبەر و چی دیکە سیاسەت و دروشمە سواوەکانی دژی ئیسرائیل و ئامریکا و ... درێژە نەدات و کوێخایەتی موسڵمانان نەکات. ئەگەر ئەو ڕێگایە هەڵبژێرێ لە بەرانبەر ئەو پرسیارەی خەڵکی ئێران هیچ وڵامێکی شیاوی پەسەندکراوی نییە، کە بۆچی ئەو هەموو ساڵە لەو شەڕ و بەربەرەکانییە بێئاکامانەدا ڕۆڵەی خەڵکی بە کوشتن داوە و وڵاتی وێران و خەڵکی برسی کردووە؟ خۆ ئەگەر ئەو سیاسەتە سەقەتە دەرەکییانەشی هەروا درێژە بدات، چۆن دەتوانێ خەڵکی وەزاڵەهاتووی خۆی ڕازی بکات و تووڕەییەکانیان دابمرکێنێت؟

دووهەم ـ لە هەمبەر ڕێپێوان و دەربڕینی ناڕەزایەتیی خەڵک چ دژکردەوەیەک نیشان دەدا؟ ئەگەر بێت و ڕێگای توندوتیژی و سەرکوت کردن بۆ بێدەنگ کردنی خەڵک هەڵبژێرێت، ڕێگایەک کە تا ئێستە تەنیا بژاردەی ڕێژیم بۆ وڵامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بووە، بێگومان خەڵک تووڕەتر دەکات، درێژەدانی ئەو ڕێگایە بۆ هەمیشە لە ئەزموونی حکوومەتە دیکتاتۆرەکانی دیکەشدا لەگەڵ شکست و ناکامیی دیکتاتۆرەکاندا بەرەوڕوو بووەتەوە.

خۆ ئەگەر بیەوێت لەگەڵ خەڵکی سەر شەقامیشدا ڕێگای سازان بگرێتەبەر و بە نەرمی هەڵسووکەوتیان لەگەڵ بکات، ئەوە خەڵک بێجگە لە تێکەوەپێچانی تەخت و بەختی ئەو ڕێژیمە بە شتێکی دیکە ڕازی نابن، چوونکە هیچ متمانەیەک لە نێوان خەڵک و ڕێژیمدا نەماوەتەوە، ڕێژیم خەڵک بە بەهێزترین دوژمنی خۆی دەزانێ و دوژمنانە لەگەڵی هەڵسووکەوت دەکات و خەڵکیش دوای نزیک بە چل ساڵ بیستنی درۆ و نانبڕاو کردنیان، هیوایان بە ئاڵوگۆڕ و چاکسازیی ڕێژیم نەماوە و بەحەق بە داگیرکەریی ئازادی و ژیانی خۆیان دەزانن و ڕزگاری خۆیان لە نەمانی ئەو ڕێژیمە دەبینن؛ بۆیە خەڵک پەنجەی بەهێزی خۆی لە بنەقاقەی ئەو داگیرکەرە قایم کردووە و تا هەناسەی نەبڕێ دەستی لێ هەڵناگرێت، ئەوەش درەنگ و زووی هەیە، بەڵام ئەملا و ئەولای تێدا نییە.

ئەو درەنگ و زوویەش بەستراوەتەوە بەوەی کەی ڕاپەرین و ڕێبەرایەتێکی وردبین، کارامە و لێبڕاو سەر هەڵبدات کە بتوانێ لێبڕاوانە شەقام بەرەو ڕووخاندنی ڕێژیم رابکێشێت و لە لایەکی دیکەوە بە وڵامدانەوە بە ویست و داخوازییەکانی چین و توێژە جیاوازەکان بەتایبەت نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران، یەکگرتوویی و بەشداریی هەموو خەڵکی ئەم وڵاتە بۆ رووخاندنی رێژیمی ئیسلامیی ئێران و بونیاتنانی حکوومەتێکی دێموکراتیک و ئەمڕۆییانە دەستەبەر بکات. نەک رێبەرایەتێک لە چەشنی رێبەرانی جووڵانەوەی سەوز کە ڕێبەرایەتی ویلایەتی فەقیهـ ، یاسای بنەڕەتی وڵات و باقی ئەهرومەکانی رێژیمیان لا پەسەند بوو و تەنیا ناڕەزایەتییەکەیان دزرانی ئەو دەنگانە بوون (بە وتەی ئەوان) کە ڕێژیم بە قازانجی ئەحمەدی‌نژاد دەستی تێ وەردابوو، هەر بۆیەش خەڵک بەگشتی بەشداری رێپێوانەکان نەبوون و بە زوویی سەرکوت کرا. ڕووداوێک کە لە رێپێوانەکانی ئەمجارەدا (تا ئێستا) نەک هەر دروشمێکی ئەوتۆ لە پشتیوانی ئەو رووداوە و ڕێبەرانی دەستبەسەرکراویدا نەدراوە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە دروشمی ڕێفۆرمخواز، بناژۆخواز ئیدی چیرۆکی ئێوە کۆتایی پێ هات، لە زۆربەی رێپێوانەکان دووپات کرانەوە ئەوەش بە مانای دەنگی هەنگاوەکانی نزیک بوونەوەی ڕۆژانی پاکانەحیساب کردنی خەڵک لەگەڵ حکوومەتە.
ــــــــــــــــــــــــــــــ
پاوەرەقی:
(١) حوسەین شەریعەتمەداری بەرپرسی ڕۆژنامەی کیهانی سەربە حکوومەت.
(٢) ئەحمەد تەوەکولی، نوێنەری پێشووی مەجلیس
(٣) ناوەندی خەبەری فارس ١٣٩٦/٩/٢٧
(٤) بڵاوکراوەی جیهانی سەنعەت ١٤ی جۆزەردانی ١٣٩٤
(٥) (خەبەر ئانلاین) بڵاوکراوەی حکوومەتیی ١٨ی گەڵاڕێزان
(٦) کۆماری ئیسلامی بەرەو داکشان ( http://sikirter.org/Detail.aspx?id=10026&LinkID=10)