کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

\"کوردستان میدیا\" بووەتە سەرچاوەی زانیاری ڕۆژنامە ئۆرووپاییەکان

14:26 - 13 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: بەشێکی بەرچاو لە ڕۆژنامەکانی ئۆرووپا و ئامریکا، خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئێرانیان ڕووماڵ کرد، کە لە بەشێکیاندا ماڵپەڕی کوردستان میدیا کراوەتە سەرچاوەی زانیاری.

ڕۆژنامەی ئینتێرنێتی رادیکاڵ پۆرتاڵی نۆروێژ کە یەکێک لە پڕخوێنەرترین ڕۆژنامەکانی ئەم وڵاتەیە، دوو ڕاپۆرتی جیاوازی لە سەر ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی ئێران بڵاو کردۆتەوە کە بۆ وەرگرتنی زانیارییەکانی کەڵکی لە هەواڵەکانی ماڵپەڕی کوردستان میدیا وەرگرتووە.

لە یەکێک لەم ڕاپۆرتانەدا ئاماژە بە ڕاگەیەندراوی هاوبەشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێر کراوە کە تێیدا ڕوو لە گەلی کورد لە کوردستانی ئێران هاتووە: پشتیوانی له‌ داواکاری خەڵکی سەرتاسەری ئێران بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و ژیانی باش و داهاتووی دێموکراتیک و یەکسان بکەن.

هەروەها ڕۆژنامەی پڕتیراژی لۆمۆندی فەڕانسە لە چوارچێوەی وتووێژێکدا لەگەڵ ستێفان دوودووئانوون لێکۆڵەری بەناوبانگی فەڕانسەوی کە بەم دواییانە لە ئێران بووە ،ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە هۆکارەکان و چیەتی خۆپیشاندانەکانی ئێران بڵاو کردۆتەوە.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر خۆپیشاندانە ئێعترازییەکان بەتەواوی دۆشداماوە؛ ئەو خۆپیشاندانانەی کە لەلایەن خەڵکی هەژار و کەم داهاتی ئێران هاتۆتە ئاراوە و بەتەواوی کۆماری ئیسلامی خستۆتە مەترسییەوە.

دوودووئانوون وتوویەتی: ئەوەیکە لە ئێران ڕوو دەدات شۆڕشێکی گشتگیرە؛ شۆڕشێک کە تەواویەتی ڕێژیمی کردۆتە ئامانج؛ بوومەلەرزەیەکی سیاسییە لە دژی گەندەڵی و تاڵانکاری و ناکارامەیی سەرانی رێژیم؛ ئەم شۆڕشە خێرا و رادیکاڵە و کۆنتڕۆڵ و سەرکووت کردنی گەلێک ئەستەمە؛ شۆڕشێکە کە توخمە سەرەکییەکانی خەڵکی هەژار و ڕەش و ڕووتی پەراوێزنشین پێکی دێنن بۆیە دەکرێ بڵێین کۆماری ئیسلامی تووشی داڕمانی کۆمەڵایەتی و ئیدئۆلۆژیک بووە.

ڕۆژنامەی نیویورک تایمزیش لە ڕاپۆرتێکی جێگەی سەرنجدا بە قەڵەمی تۆماس ئێردبرینک نووسیویەتی: جیاوازی ئەم خۆپیشاندانە لەگەڵ ڕووداوەکانی ساڵانی ڕابردوو لەوەدایە کە ئەمجارەیان خۆپیشاندانەکان لەو شارانەوە سەریان هەڵدا کە لووتکەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تێیدا جێگیر ببوو.