کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەبێژی بەڕێوبەریی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان: لە ئێستەدا خەریکی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێرانین

14:31 - 13 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: وتەبێژی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانی خۆیان بۆ بارودۆخی پێشهاتوو لە ئێراندا دەربڕی.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانبار، فەرهان حەق جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: سکرتێری ئەم ڕێکخراوەیە بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکانی ئێران دەکات و لە حاڵی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێرانە، کە ئایا دەبێت لەگەڵ دەوڵەتی ئێران یان کەسێکی دیکە لەم بارەوە لە پەیوەندیدا بن.

هەروەها وتەبێژی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: لە حاڵی هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە داین و هەوڵ دەدەین بزانین چ پەیوەندیگەلێک لە باشتر بوونی ئەم بارودۆخە یارمەتیدەرن، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هیوادارە کە توندوتیژییەکان لە ئێراندا لەوە زیاتر پەرە نەستێنێت و مافی خەڵک بۆ کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی ڕەوا و دەربڕینی بیروڕاکانیان بپارێزرێت.

لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ئێراندا، وەزیری دەرەوەی فەڕانسە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی داوای نەهێشتنی توندوتیژییەکانی بە دژی خەڵکی خۆپیشاندەر کردووە و وتوویەتی: بەکارهێنانی توندوتیژی بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی لەگەڵ ئازادیی و ڕادەبڕینی بیروڕادا نییە.

بڕیار وابوو ماکرۆن لەم ماوەیەدا سەردانی ئێران بکات، بەڵام لەگەڵ دەسپێکردنی خۆپیشاندانەکان ئەم سەفەرەی خۆی وەدوا خستووە.