کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا داوا لە شۆرای ئەمنییەت دەکات بەخێرایی کۆ بێتەوە

14:49 - 13 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: بە نیسبەت تاوتوێ کردنی سەرهەڵدانەکانی خەڵکی ئێران، ئامریکا داوای لە شۆرای ئەمنییەت کردووە، کە بەخێرایی کۆ ببێتەوە.

نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، وێڕای ئاماژەدان بە خۆڕسک بوونی سەرهەڵدانەکانی خەڵکی ئێران، جەختی لەوە کردووەتەوە کە ناڕەزایەتییەکان هیچ دەستێکی دەرەکیان لە پشت نییە و خوازیاری ئەوە بووە، کە شۆرای ئەمنییەت بەخێرایی بۆ تاوتوێ کردنی بارودۆخی ئێران، کۆ ببێتەوە.

نیکی هێلی ڕۆژی سێشەممە ١٢ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، بە ئاماژەدان بە کامێنتی خەڵکی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تۆمەتی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی سەبارەت بە هەبوونی دەستی دەرەکی لە پشتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێرانی بە ئیددعایەکی گاڵتەجاڕانە زانی و وتوویە: ئەو سەرهەڵدانە ناڕەزایەتییانەی خەڵکی ئێران کتوپڕ دەستیان پێ کردووە و لە هەموو شارەکانی ئێران خەڵکی ناڕازی و وەزاڵەهاتوو لەو حکوومەتە بوونی هەیە.

ناوبراو بە گێڕانەوەی کۆمەڵێک لە دروشمی ناڕەزایەتییەکان وەک: ای سید ابن حسن، کلید بگیر از حسن، خامنەای حیا کن، مملکت رو رها کن، سوریە رو رها کن، فکری بحال ما کن، مرگ بر خامنەای و مرگ بر روحانی وتوویە: ئەمانە دروشمی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێرانن و پێویستە کە ئێمە دەنگیان ببیسین و یارمەتیدەریان بین، هەتا ئەمجارەش هەڵەکانی ساڵی ٢٠٠٩ی زایینی دووپات نەکەینەوە.

لەگەڵ دەسپێکردن و بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران، هەندێک لە کەسایەتی و ئەندامانی کۆنگرەی ئامریکا پشتگیریی خۆیان لە خەڵکی ئێران دەربڕیوە و داوایان لە دانڵد ترامپ کردووە، هەتا بە کردەوە یارمەتیدەری خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران بێت.