کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری: پشتیوانیی جیهان لە خۆپیشاندانەکانی خەڵک، ئەرکێکە کە هەتا ئێستە لەبیریان کردووە

15:15 - 13 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، داوای پشتیوانیی جیهان لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران دەکات.

مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ١٢ی بەفرانبار لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئامریکا، باسی لەوە کردووە: خۆپیشاندانەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لە ئاکامی کەڵەکە بوون و پەنگ خواردنەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و درۆ و دەلەسەکانی ڕێژیم و هەروەها بێ متمانەیی ئەو خەڵکە بە ڕێژیمە.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێـموکرات ئاماژەی بەوە کرد: کە ڕاستە خەڵک بە هۆی خراپیی باری ئابووری هاتوونەتە سەر شەقامەکان، بەڵام فراوانبوونی ئەم خۆپیشاندانانە نیشانەی ئەوەیە کە لەگەڵ داواکردن بۆ باشتر بوونی باری ئابووریی، خەڵك داوای لەنێوچوون و نەمانی ئەم ڕێژیمە دەکەن.

ناوبراو جەختی لەوە کردووەتەوە، خەڵکی کوردستان شانبەشانی هەموو خەڵكی ئێران، پشتیوانی لەم داوا دێموکراتیکی و ڕەوایانەی خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێران دەکەن و پەیوەست بە خۆپیشاندەران دەبن.

لە درێژەدا ناوبراو وتی: لە کۆتاییدا سەرکەوتن هی خەڵكی ئێرانە و ڕێژیم ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر، درێژە بە دەسەڵاتە سەرەڕۆییەکەی بدات.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران، لە کۆتاییدا دەڵێت: ئەرکی سەرشانی هەموو جیهانە، کە لە بەرامبەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران پشتگیری لە داوا ڕەواکانی خەڵک بکەن، چونکە ئەو ڕێژیمە تەنیا بۆ خەڵكی ئێران کارەساتگەلێکی نەخوڵقاندووە، بەڵکوو هۆکاری دروست بوون و پەرەسەندنی کێشەگەلی سیاسیی ناوچەکەیە و هەروەها نوێنەرایەتی شەڕی فیرقەیی و مەزهەبی لە ڕۆژهەلاتی نێوەڕاستدا دەکات و ئەم کێشانە بەرۆکی هەموو دنیا و خەڵکی ناوچەکەی گرتووە، هەر بەم هۆیەوە پشتیوانیی جیهان لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران ئەرکێکە کە لەبیریان کردووە.