کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە مەهاباد بەکرێگیراوانی خۆی کۆ دەکاتەوە

15:32 - 13 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ناوەندە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە کوردستان بنکەکانیان قایمتر دەکەنەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١١ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، فەرماندەیەکی سپای ڕێژیم لە شاری مەهاباد، بە ناوی سەرهەنگ نەجاڕی کە فەرماندەی پایگای گوندی قەرەبڵاغه، سەردانی گوندی سەهۆڵانی کردووە.

ئەو بەرپرسە نیزامییەی ڕێژیم، لەو سەردانەدا نامەیەکی پێ بووە و داوای لە شۆراکان و پێشنوێژی ئەو گوندە کردووە، کە بنکەی سپای پاسداران لەو گوندە دابمەزرێنن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد، ئەو کارەی ڕێژیم بۆ بەرەنگاریی لەگەڵ هێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو ناوچەیە دایە، چونکە ڕێژیم لە چالاکییەکانی حیزبی دێموکرات لەو ناوچەیەدا ترسی هەیە.

هاوکات ئەو هەواڵنێره ئاشکرای کردووە، کە ئەو فەرماندەیە بۆ دانانی ئەو بنکەیە داوای کردووە، کە ٢٠ کەس لە خەڵکی ئەو گوندە لەو بنکەیە دەست بەکار ببن.

لە بەشێکی دیکەی ئەو سەردانەدا ئەو فەرماندەیەی ڕێژیم، بەڵێنی بە جاشەکانی ئەو ناوچەیە داوە، کە ئەوان بۆ پشتیوانی و پاراستی گیانیان هەموو ڕێوشوێنێک لەبەرچاو دەگرن.