کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم سەرقاڵی سەرکوتە و بوومەلەرزەلێدراوان له سەرمادا دەژین

16:03 - 13 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: لەو کاتەوە که خۆپیشاندانەکان دەستی پێکردووە، ڕێژیم ناوچه بوومەلەرزەلێدراوانی بە هۆی سەرکوت کردنی خەڵکی وەزاڵەهاتوو لەبیر کردووە.

زیاتر له ٥٠ ڕۆژە بەسەر کارەساتی بوومەلەرزەی کرماشان تێپەڕ دەبێت و بارودۆخی خەڵک نەتەنیا بەرەو باشی نەڕۆیشتووە، بەڵکوو خراپتریش بووە و چارەنووسیان نادیارە و وەرزی سەرما و بەفر و باران تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە.

خەڵکی لێقەوماوی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی پارێزگای کرماشان، دوای دەسپێکردنی خۆپیشاندانەکان له سەرانسەری ئێران به دژی ڕێژیم، بە تەواوەتی له لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامییەوە لەبیر کراون، تەنانەت له میدیاکانی ڕێژیمیش باسیان ناکەن.

هەرچەند پێش لە خۆپیشاندانەکانیش ڕێژیم به شێوەی پێویست به چارەنووسی لێقەوماوان گرنگی نەدەدا و بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان لەسەر خەڵک هیچ پلانێکی نەبوو و هەموو بەڵێنەکان دروشم بوون و کردەوەیەکی بەدوادا نەبوو.

لەم بارودۆخەشدا که بەفر و باران دەستی پێ کردووە و خەڵک ئاوارەن و لە ژێر خێوەتەکان دەژین، ئەو هێزانەی که پێشتر ڕێژیمی ئێران وەکوو خزمەتگوزار ناویانی دەبرد و دەیگوت که بۆ یارمەتی خەڵک لەو ناوچانه جێگیر کراون و ئەرکیان چارەسەریی کێشەکانی خەڵکه، یەکشەوە ڕووی ڕاستەقینەیان دەرکەوت که نەک خزمەتگوزاری خەڵک نین، بەڵکوو تەنیا ئەرکیان سەرکوت و کوشتن و بڕینی خەڵکە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان له‌و ناوچانه، خەڵک به هۆی سەرما له بارودۆخێکی زۆر نالەبارن و بارینی بەفر و باران و کەشوهەوایەکی سارد و ژیانی نێو خێوەت و نەبوونی پێداویستیی بۆ گەرم کردنەوە، ژیان و سەڵامەتیی ئەو خەڵکە بەتایبەت منداڵەکان و بریندار و نەخۆشەکانی خستووەتە مەترسییەوە.

له شاری سەلاسی باوەجانی، بارینی بەفر دەستی پێ کردووە و باردۆخی خەڵک نالەبار و خراپە و خێوەتەکان بەرگەی بەفر و سەرما ناگرن، هەروەها له سەرپێلی‌زەهاویش بارینی باران هاوشێوەی سەلاسی باوەجانی تەنگی پێیان هەڵچنیوە.

تەنانەت لەو ڕێژه کەمە کانکسە کە بەو خەڵکە دراون و زۆربەشیان لە یارمەتییەکانی خەڵکین، وەکوو خێوەتەکان بەرگەی سەرما ناگرن و بەڵێنی دابەشکردنی کانکس بۆ ئاوارەکان وەکوو هەموو بەڵێنەکانیان به درۆ دەرچوو و نۆژەن کردنەوەش ڕاگیراوە.