کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم دەیەوێت داربەدەستەکانی خۆی بۆ خۆپیشاندان بهێنێتە سەر شەقامەکان

20:21 - 13 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران خەریکی ئامادەکارییە که داربەدەستەکانی خۆی لە ڕێپێوانێکی حکوومەتیی ڕێک بخات.

بەپێی هەواڵه بڵاوکراوەکان و دەرکەوتنی هەندێک نامەی ئیدارەکانی ڕێژیم، حکوومەت ئامادەکاری دەکات و داوای له خۆفروشەکانی خۆی کردووە، که له شارەکانی ئێران دەست به ڕێپێوان بکەن و پاڵپشتی خۆیان لە ڕێژیم به دژی خۆپیشاندەران پیشان بدەن.

لە درێژەی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامی، به بەردەوامی یەکێک له پیلانەکانی ئەم ڕێژیمه، کۆ کردنی خۆفروشەکان و ڕێکخستنیان به دژی خەڵکە، هەر کاتێک که خەڵک هاتووەتە نێو شەقامەکان و ناڕەزایەتیی خۆیان به دژی ڕیژیم دەربڕیوە، داربەدەستەکانی خۆی دوای خۆپیشاندانه خەڵکییەکانی بۆ سەر شەقامەکان هێناوە و خەڵکیان سەرکوت کردووە و به دژی ناڕازییان دروشمیان داوە.

ڕێژیمی ئێران به کەڵکئاژۆیی لەو کەسانەی که له ئیدارەکانی ڕێژیم کار دەکەن کەڵک وەردەگرێت و به هەڕەشە کردن و به زۆرەملێ بە مەبەستی پیشاندانی زۆری ڕێژەی لایەنگەرانی خۆی و پڕوپاگەندە له نێو ئیران ڕێکیان دەخات و بەتایبەت له دەرەوەی ئێران بۆ هەڵخەڵەتاندنی بیروڕای کۆمەڵگەی جیهانی و سەلماندنی ئەوەی که دەسەڵاتەکەی له مەترسیدا نییە و بەشێکی کەم له خەڵک که به قسەی خۆی ئاژاوەگێڕن، بە دژی ڕێژیم ڕاوەستاون و ئەوەش کە داوای دەکەن ناحەقە.

بەڵام بەپێچەوانه، زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئێران بە بەردەوامی ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە و ئەم جارەش که هەموو نەتەوەکانی ئێران له ناڕەزایەتی دەربڕیندا یەکدەنگن و لەو باوەڕەدان که له سیستمی ئەو ڕێژیمە ئاڵوگۆڕ پێک نایە، ڕووخانی ڕێژیمیان گرتووەتە بەر.

ڕێژیم نەتەنیا ڕێکخستنەکەی لاواز بووە، بەڵکوو دوشداماوە و پیلانەکانی بۆ بەلاڕێدا بردنی خۆپیشاندانەکانی خەڵک بێئاکام بووە.

زۆربەی خۆپیشاندانە حکوومەتییەکان له ئێران، هێزە نیزامییەکان و ئیدارەکانن و تەنانەت له منداڵە قوتابییەکانیش بەبێ ئەوەی ئاگادار بن و به بڕیاری بەرپرسانی قوتابخانەکان ناچار دەکرێن، که بەشداری بکەن، هەتاکوو ڕەوا بوونی دەسەڵاتە ناڕەواکەی بسەلمێنێت.

یەکێک دیکه لە ئامانجەکانی ڕێکخستنە حکوومەتییەکان به دەستی ڕێژیم، تۆقاندنی خەڵکە، کە دەیانەوێت پارسەنگی هێزی خۆیان بە خەڵک پیشان بدەن، بەڵام ئەم پیلانانە کۆن بووە و خەڵکی ئێران بە ڕوونی ئاگادارن، که ڕێژەی داربەدەستەکانی ڕێژیم زۆر کەمن و لەم چەند ڕۆژەدا خەڵک سەلماندیان که له هیچ هێزێکی ڕێژیم ناترسن و هیچ پیلانێک ناتوانێت لە مافخوازی پەشیمانیان بکاتەوە.