کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی: ئەوانەی سەر شەقام دوژمنن

20:25 - 13 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ڕێبەر و سەرکۆماری ڕێژیم، ناڕازییان و خۆپیشاندەرانیان وەک دوژمن ناساند.

عەلی خامنەیی پاش چەند ڕۆژ بێدەنگی لەهەمبەر ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ئێران، کە وەک چاودێران دەڵێن نیشان لە دۆشداماوی ناوبراوە، هاتە دەنگ و وتی: ئەوەی ڕوو دەدات کاری دوژمنانە کە دەیانهەوێ بە پارە و چەک و سیاسەت کێشەمان بۆ ساز بکەن.

ئەم قسانەی ناوبراو لە کاتێکدا بڵاو بوویەوە کە ئەوپەڕی دۆشداماوی و شڵەژانی دەروونی بە ڕوخسارییەوە دیار بووە؛ ئەمەش دوای ئەوە دێتە ئاراوە کە بەشی سەرەکی درووشمی خۆپیشاندەران بریتی بووە لە ڕووخانی ڕێژیم و لەنێوچوونی خامنەیی.

هاوکات لەگەڵ ڕێبەری ڕێژیم، حەسەن روحانی بە حاشاکردن لە ڕاستییەکان وتوویەتی: ئەو کەسانەی ناڕەزایەتی دەردەبڕن خەڵک نین؛ وەک بڵێی خۆپیشاندەران لە شوێنێکی دیکەوە نێردرابێتن یان ڕووحانی تەنیا ئەو کەسانە بە خەڵک دەزانێ کە ملکەچ و گۆپاڵ بەدەستی خۆیان بن.

ئەوم لێدوانە ناڕەوایانە لە کاتێکدان کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، زیاتر لە ٢٤ کەس لە خەڵکی ناڕازی بە دەستی چەکدارانی رێژیم کوژراون و زیاتر لە ١٠٠٠ کەسیش دەسبەسەر کراون.

ڕوحانی لە درێژەی قسەکانیدا داوای لە دام و دەزگا و چەکدارەکان و بەرپرسانی رێژیم کردووە کە لە بەرامبەر خەڵکدا یەکگرتوو بن کە کارناسانی سیاسی پێیان وایە مەبەستی ناوبراو لە یەکگرتوویی بریتییە لە یەکگرتن بۆ سەرکووتی زیاتر و دڕندانەتر.

سەرەڕای هەموو گوشارەکان و هەڕەشەکانی ڕێژیم و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی، خەڵکی وەزاڵەهاتوو ئامادە نین لە بڕیاری خۆیان کە بریتییە لە ڕووخاندنی ڕێژیم و وەدەست هێنانی ئازادی پاشەکشە بکەن و بەردەوامن لە ناڕەزایەتی دەربڕین.