کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاودێری مافی‌مرۆڤ: پێویستە ڕێژیمی ئێران کۆتایی بە سەرکوت بهێنێ

23:29 - 13 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی چاودێری مافی‌مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕەخنەی لە شێوەی هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە ناڕازییان گرت.

چاودێری مافی‌مرۆڤ لە راگەیەندراوێکدا ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانبار، نیگەرانی خۆی لە دۆخی داسەپاو بە سەر ئێران و سەرکووتی سیستماتیکی خۆپیشاندەران لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە دەربڕی و ڕوو لە سەرانی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند: پێویستە کۆتایی بەم سەرکوتە بێبەزەییانە بهێنن.

سارا لی ویتسۆن، بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناڤینی ئەم ڕێکخراوە ڕایگەیاندووە: چوونە سەری ڕێژەی کوژراوانی ئێران لەم خۆپیشاندانانەدا نەتەنیا مزگێنی داهاتوویەکی باش نادات بە دەستەوە، بەڵکوو جێگەی نیگەرانییە.

ناوبراو وتوویەتی: لێپرسراوانی ڕێژیم لەباتی هەڕەشە و گوڕەشەکان دژ بە ناڕازییان پێویستە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ناڕەزایەتی دەربڕینەکان بکەن و وێڕای گەرەنتی کردنی ئازادییە مەدەنییەکان، مافی خەڵکی بەشخوراو بدەن.

لەم ڕاگەیەندراوەدا هەروەها ڕەخنە لە سیاسەتی فیلتێر کردنی ئینتێرنێت و بەتایبەت داخستنی تێلێگرام و ئینستاگرام گیراوە کە ئیزنی گەیاندنی زانیاری و هەواڵی دروست بە دنیای دەرەوە نادات.

بەپێی هەواڵە فەرمییەکان تا ئێستا زیاتر لە ١٣٠٠ کەس لە خۆپیشاندەران گیراون و زیاتر لە ٢٥ کەسیش کوژراون.