کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ ڕوو لە خەڵکی ئێران: چاوەڕێی پشتیوانی مەزنمان بن

23:45 - 13 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، جارێکی دیکە پشتیوانی لە ئێعترازەکانی ئێران کرد و وتی: چاوەڕێی پشتیوانییە مەزنەکانمان بن.

دانڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە نوێترین هەڵوێستی خۆیدا بەرامبەر بە ڕووداوەکانی ئێران لە پەیامێکی تویتێریدا وێڕای بەرزنرخاندنی ئیرادەی خۆپیشاندەران، جارێکی‌تر پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران دەربڕی.

ناوبراو لە پەیامەکەیدا وتوویەتی: ڕێزی تایبەتم هەیە بۆ ئەو خەڵکەی کە دەیانهەوێ وڵاتەکەیان لە دەستی حکوومەتێکی گەندەڵ دەربهێنن و لەم ڕاستایەشدا چاوەڕێی پشتیوانی مەزنی ئامریکا بن.

هەر چەند ترامپ هیچ باسێکی لەسەر شێوەی پشتیوانییەکەی دەرنەبڕیوە بەڵام بڕیارە تاکوو ١٠ ڕۆژی دیکە بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر مانەوە یان دەرچوون لە بەرجام ڕابگەیەنێت.

پێشتریش ناوبراو لە چەند پەیامی تویتێریدا پشتیوانی خۆی لە خەڵکی ئێران دەربڕیبوو؛ ناوبراو ڕایگەیاندبوو: ئێران لە هەموو بوارێکدا سەرەڕای ئەو ڕێککەوتنە خراپەی که ئیدارەی ئۆباما لەگەڵیدا کردوویەتی، شکستی هێناوە؛ خەڵکی مەزنی ئێران بۆ ماوەی چەندین ساڵە دەچەوسێندرێنەوە، ئەوان برسی خۆراک و ئازادین. هاوشێوەی مافی مرۆڤیان سامانی ئێرانییەکانیش تاڵان کراوە، ئێستا کاتی گۆڕانکارییە.

گەورە لێپرسراوانی ئامریکا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەردەوام سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئێران هەڵوێستیان نیشان دا و داوایان لە سەرۆکی وڵاتەکەشیان کردووە کە هەڵوێستێکی جیددی بەرامبەریان بگرن.