کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانەکانی کرماشان درێژەیان هەیە

01:16 - 14 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: سەرەڕای زەخت و گوشارە بەردەوامەکانی ڕێژیم، لاوانی ڕاپەڕیوی کرماشان ئەمشەویش ڕژانە سەر شەقامەکان و لە دژی ڕێژیم وەستانەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ لە درێژەی خۆپیشاندانەکان بەدژی ڕێژیم لە شاری کرماشان، لاوانی ڕاپەڕیوی ئەم شارە چەکدار و بەکرێگیراوەکانی ڕێژیمیان ناچار بە پاشەکشە کرد.

بەپێی ئەم هەواڵە خۆپیشاندەران هاوکات لەگەڵ دانی درووشمی ڕادیکاڵ لەدژی کۆماری ئیسلامی، بەرپەرچی چەکدارەکانی ڕێژیمیان دایەوە و ناچاریان کردن کە شوێنەکە بەجێ بهێڵن.

ئەمە هاوکات بوو لەگەڵ زیادکردنی ئاستی گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی لەم شارە و هەروەها فیلتێرینگ و داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها کەڵک وەرگرتنی ڕێژیم لە کەسانی نەفس نزم و دوور لە پڕەنسیپە ئەخلاقییەکان کە لە زیندانەکانی رێژیمەوە هێنراون.

هەروەها بەپێی دوایین زانیارییەکان لە شائابادی کرماشان، هاوشێوەی زۆربەی شارەکانی دیکەی کوردستان، ڕێژیم لە ترسی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان کەشێکی تەواو پۆلیسی بە سەر شاردا زاڵ کردووە؛ فەزای خەفەقان بە تەواوی مانا لە شارەکانی وەک سەقز، مەهاباد، بۆکان، سنە، ئیلام، ورمێ و چەندین شاری دیکەش دەبیندرێ.

پێویست بە ئاماژەیە هاوکات لەگەڵ شاری کرماشان ئەمشەو خۆپیشاندان لە شارەکانی ئەهواز، مەلایەر، مەسجدسولەیمان، تاران، ئابادان و دێهلۆرانیش بەرێوە چووە.