کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گەمارۆ خرایە سەر پێنج کۆمپانیای دیکە ڕێژیمی ئێران

14:27 - 15 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: لە لایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکاوە، گەرمارۆی ئابووری کەوتە سەر پێنج کۆمپانیای ئێرانی سەر بە ڕێژیمی ئێران.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، گەمارۆی ئابووری خستە سەر پێنج کۆمپانیای ئێرانی، کە لە پەرەسەندنی بەرنامە مووشەکییە بالستیکییەکانی ڕێژیمی ئێران بەشدارییان هەبووە.

ئەو پێنج کۆمپانیاییە کە گەمارۆی ئابووری کەوتووەتە سەریان بریتین لە: ناوەندی لێکۆڵینەوەی شەهید ئیسلامی، سەنایع شەهید خەڕازی، شەهید موقەدەم، شەهید سەنیع‌خانی و شەهید شووشتەری. ئەم کۆمپانیانە لە ژێرکۆمەڵی گرووپی سەنعەتی شەهید باقرین، کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانن و لە پەرەسەندنی بەرنامە مووشەکییە بالستیکییەکانی ڕێژیم دەوریان گێڕاوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، وەزیری خەزێنەداریی ئامریکا، ئاستیوون منوچین ڕایگەیاندووە: بەم زووانە بە هۆی پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، گەمارۆی ئابووریی نوێ پەسەند دەکرێت.

پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢٣ی سەرماوەزی ١٣٩٦ی هەتاوی، نیکی هێلی نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، باسی لە پارچە بەجێماوەکانی مووشەکی بالستیکی کردبوو، کە لە لایەن حووسییەکانی یەمەنەوە بەرەو عەرەبستان هاوێژرابوون و نیشانە کۆمپانیای شەهید باقرییان لەسەر بووە.