کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ٩٠ خوێندکار لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە

15:14 - 16 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیم باسی لەوە کردووە که لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکان له ئێراندا، وەزارەتی ئیتلاعات، ٩٠ خوێندکاری دەسبەسەر کردووە.

پەروانه سەلەحشووری، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٥ بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕایگەیاندووە که لە ڕەوتیی خۆپیشاندانەکان، لە سەرانسەری ئێراندا ٩٠ خوێندکار دەسبەسەر کراون و باسی لەوە کردووە که لەوانەیە زۆرتریش بن.

له درێژەی دەسبەسەرکردنی خوێندکاران له سەرانسەری ئێران، شۆرای سێنفی ٣٠ زانکۆ له ئێران، نامەیەکیان بۆ وەزارەتی زانستی ڕێژیم نووسیوە و ناڕەزایەتی خۆیان له هەمبەر دەسبەسەرکردنی خوێندکارن دەربڕیوە و داوایان کردووە که دەسبەسەرکراوان به زووترین کات ئازاد بکرێن.

ئەمە لە حاڵێکدایە که لە سەرچاوەگەلی جیاوازەوە، به بەردەوامی هەواڵی دەسبەسەرکرانی خوێندکاران له زانکۆکانی سەرانسەری ئێران بڵاو دەکرێتەوە و ڕۆژبەڕۆژ، ڕێژەی دەسبەسەرکراوانیش زیاد دەکات؛ هەتا ئێستە ئامارێکی ڕوون لەبەر دەستدا نییە و ڕێژیمیش لەو بارەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە.

به گشتی به پێی ئامارە بڵاوکراوەکان، لە سەرانسەری ئێراندا هەتا ئێستە ١٧٠٠ کەس دەسبەسەر کراون و ٢٠ کەسیش گیانیان له دەست داوە.
بەرپرسانی ڕێژیم، بە بەردەوامی هەڕەشەی گرتنی خۆپیشاندەران دەکەن و له دوایین لێدوانی بەرپرسانی ڕێژیم، ئەحمەد خاتەمی باسی لەوە کردووە که هەر کەسێک به دژی ڕێژیم، لوبنان و سووریە دروشم بدات دەبێ دەسبەسەر بکرێت.

هەروەها وەزارەتی ئیتلاعات به بڵاو کردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، داوای کردووە ئەو کەسانەی گرتە ویدیۆییەکانی خۆپیشاندەرانیان لایە، بۆ وەزارەتی ئیتلاعاتی بینێرن، تاکوو بەشدارانی خۆپیشاندانەکان بناسرێن و دەسبەسەر بکرێن.