کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ داوای یەکگرتنی سەرانسەری دژی ڕێژیمی ئێرانی کرد

15:33 - 16 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، پێداگری لە سەر یەکگرتوویی نیشتمانی بۆ ڕووخانی ڕێژیمی ئێران دەکات.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، لەم بەیاننامەیەدا داوای لە ڕوناکبیرانی نەتەوەی فارس کردووە دژکردوەیەکی شیاو و بەجێ بۆ بەردوام بوونی یەکگرتوویی نیشتمانی هەتا ڕووخانی ڕێژیمی ئێران لە خۆیان نیشان بدەن.

دەقی تەواوی ئەو بەیاننامەیە کە بۆ کوردستان میدیا نێردراوە بەم چەشنەی خوارەوەیە:

بەیاننامەی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ بۆ بەردەوام بوونی یەکگرتوویی هەتا ڕووخانی ڕێژیمی دواکەوتووی ئاخوندی

هاووڵاتییانی بەڕێز، هەر وەکوو لە بەیاننامەی پێشوودا باس کرابوو، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، پشتیوانی لە بزووتنەوەی ئێعترازییە سەرانسەرییەکان دەکات کە لە ئاکامی ٤٠ ساڵ، خراپ بەڕێوەبەری، دزی، تاڵان و زۆڵم، بەرێوە دەچێ کە بەرهەمی سیستمی دواکەوتووی ویلایەتی فەقیهییە، بە تەواوەتی.

هەروەک شارەزایان ئاگاداریان داوە، ڕێژیمی ئازادیکوژ و دژی یەکسانی ویلایەتی فەقیهی لە ڕێگەی دەست وپەیوەندیەکانیەوە، لە هەوڵی دووبەرەکی نانەوە لە نێوان نەتەوە هاوسنوورەکان، وەک تورک، کورد، لوڕ و عەرەب... لە ئێراندایە.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لەمبارەیەوە هۆشداری دەدات کە دەست و پەیوەندییەکانی ڕێژیمی دژە مرۆیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بناسن و کردەوە و دروشمە نەژادپەرەستانە و گەرەشەوێنەکانی ئەوان مەخەنە ئەستۆی نەتەوەی فارس و نەتەوەکانی کورد، تورک، لوڕ و عەرەب.
چاوەڕوانیمان لە ڕۆشنبیرانی نەتەوەی فارس ئەوەیە کە لەو پەیوەندییەدا ئاگادار بن و دژکردەوەی شیاو و بەجێ، بۆ بەردەوام بوونی یەکگرتوویی نەتەوەیی هەتا ڕووخانی ڕێژیم لە خۆیان نیشان بدەن.

بە هیوای جێگیرکردنی دێموکراسی و ڕووخانی هەرچی زووتری کۆماری ئیسلامیی لە ئێران

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ