کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دروشمی هاوبەش له نێوان نەتەوەکانی ئێران به دژی ڕێژیم

15:50 - 16 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: نەتەوەکانی ئێران جیا له داخوازییەکانی خۆیان له چوارچێوەی نەتەوەیی، هەموو یەکدەنگ بوون به دژی ڕێژیمی ئێران و دروشمی هاوبەشیان هەیە.

لە یەکەم ڕۆژەکانی دەسپێکردنی خۆپیشاندانەکان له سەرانسەری ئێران به دژی ڕێژیم، هەموو نەتەوەکانی ئێران، یەکدەنگ به دژی ڕێژیم دەستیان کرد به ناڕەزایەتی دەربڕین و دروشمی ڕوخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیان دا.

دوای ئەوەیکه خۆپیشاندانەکان له مەشهەد دەستی پێکرد و خەڵک ناڕەزایەتی خۆیان له هەمبەر بارودۆخی نالەباری ئابووری و گرانییەکان دەربڕی، له کوردستان خەڵکی کورد له شارەکانی کرماشان و ئیلام و سنە، دەستیان کرد به ناڕەزایەتی دەربڕین و ڕاستەوخۆ ڕوویان له ڕێژیم کرد و دروشمی له نێوچوونی کۆماری ئیسلامیان دا.

هەروەها له ڕەوتی درێژەکێشانی خۆپیشاندانەکان، نەتەوەکانی عەرەب، بەلوچ و ئازەریش به دەنگ هاتن و دەستیان کرد به ناڕەزایەتی دەربڕین.

هەرکام لەم نەتەوانه، داواکاری تایبەتی خۆیان هەیە و لە چوارچێوەی نەتەوەکەیان دەیانهەوێت دواڕۆژی خۆیان دیاری بکەن، بەڵام هەموو نەتەوەکانی ئێران لەم چەند ڕۆژەدا نیشانیان دا که جیا له داواکارییە نەتەوایەتییەکانی خۆیان، خاڵە هاوبەشەکان لە نێوان هەموو نەتەوەکان لەبەر چاو دەگرن و لەسەر ئەو باوەڕەدان که دەبێت هەموو نەتەوەکانی نێو ئێران به یەکدەنگی و لەبەرچاوگرتنی خاڵە هاوبەشەکان که سەرەکیترینیان ڕوخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە، یەکدەنگ بن.

خەڵک لەو باوەڕەدان که دەبێت ڕێز له مافی نەتەوایەتیان بگیردرێت و چارەنووسیان به دەستی خۆیان دیاری بکرێت، لە لایەکی دیکەشەوە لەو باوەڕەدان که دەبێت هەموو نەتەوەکانی نێو ئێران، پشت بە یەک ببەستن بۆ ڕوخانی ڕێژیمی ئیسلامی و دوای ڕوخانی ڕێژیم، چارەنووسی خۆیان لە سەر داواکاری نەتەوەیی دیاری بکەن.