کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەجلیسی نوێنەران و سێنای ئامریکا بەردەوامن لە پشتگیری خەڵکی ئێران

15:54 - 16 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: بڕیارنامەیەکی دوو حیزبی لە سێنا و بڕیارنامەیەک لە لایەن ئەندامانی باڵای مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکاوە، بۆ پشتگیری لە گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران، پێشنیار کرا.

دوو کەسایەتی ناسراوی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی سێنای و ئەندامێکی مەجلیسی نوینەرانی ئەم وڵاتە، لە ڕەشنووسی بڕیارنامەکانیاندا مافی ئازادی دەربڕینیان بۆ خەڵکی ئێران بە ڕەوا زانیوە و سەرکوتەکانی رێژیمی تارانیان مەحکووم کردووە.

لە ڕاگەیەندراوی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی سێنای ئامریکادا هاتووە: باب کۆرکێر، بەرپرسی کۆماریخوازەکانی کۆمیتە و هاوتا دێمۆکراتەکەی، سێناتۆر بێن کاردیەن، بە پشتگیری دوو سێناتۆری کۆماریخواز و دیمۆکرات، رۆژی پینج‏شەممە ١٤ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی بڕیارنامەیەکیان بە نیسبەت پشتگیری مافی ئازادی دەربڕینی خەڵکی ئێران و هەروەها پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە لایەن ئەو رێژیمەوە، پێشکەش بە سێنا کرد.

لە لایەکی دیکەشەوە، رۆژی هەینی ١٥ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، ئێد رۆیس نوێنەری کالیفۆڕنیا لە مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا، بڕیارنامەیەکی سەبارەت بە مافی ئازادی دەربڕینی بۆ خەڵکی ئێران بڵاو کردەوە و سەرکوتی ناڕەزایەتییە بەرحەقەکانی خەڵکی لە لایەن رێژیمی ئێرانەوە مەحکووم کردبوو.

بە دەسپیکی ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ئێران، لە رێکەوتی ٧ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، دانڵد ترامپ هاودەنگی ئامریکای لەگەڵ خەڵکی ئێران راگەیاندووە و بەردەوام کەسایەتی و ئۆرگانە باڵاکانی حکوومەتی ئامریکا، بە شێوەی جۆراوجۆر پشتگیری خۆیان بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران دەربڕیوە.

پاش ئەوەیکە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا وتی: چاوەڕوانی پشتگیرییە مەزنەکەی ئامریکا بن، زۆرێک لە ئێرانییەکان خوازیاری بەرخوردی ئامریکا لەگەڵ دەنگ و ڕەنگی رێژیمی ئێران و گەمارۆی ئەو ناوەندە بوون.

دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم ئۆرگانێکی حکوومەتییە کە هەموو میدیاکانی ئێرانی لە کۆنترۆڵ دایە و یەکێک لەو ئۆرگانانەیە کە بەرپرسەکەی ڕاستەوخۆ لە لایەن خودی عەلی خامنەییەوە دادەنرێ؛ ئەو ناوەندە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی ئێران وەکوو دەستی سەرکوتی رێژیم کاری کردووە و ناڕەزایەتییەکانی بە ئاژاوە ناو بردبوو؛ هەروەها بووەتە بڵیندگۆی هەڕەشەی بەرپرسانی رێژیم بۆ سەر خەڵکی ڕاپەریوی ئێران.