کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەسجەد سلێمان، تەرمی دوو گیانبەختکردووی ڕێگای ئازادی بە خاک سپارد

16:01 - 16 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: لە کاتێکدا زیاتر لە ١٠٠ شاری کوردستان و ئێران چوونە نێو نۆهەمین ڕۆژی خۆپیشاندانەکانیان، هەزاران و ژن و پیاوی مەسجد سلێمان تەرمی دوو گیانبەختکردووی ڕێگای ئازادیان بە خاک سپارد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە کوردستان میدیا، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی بەفرانبار، نزیەکەی ١٠هەزار خەڵکی لوڕ لە قەبرستانی مەسجد سلێمان، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئارش خدری و ئەمین ڕەمەزانیدا کرد.

ئارش خدری و ئەمین ڕەمەزانی لە خۆپیشاندانەکانی دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەشدارییان کردبوو و بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیتلاعاتی و سپای تێرۆریستی پاسداران ، گیانیان لە دەست دا.

بەپێی فیلمە بڵاو کراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەزاران ژن و پیاو ی لوڕ لە شارە جیاوازەکانی لوڕستان، خوزستان، چوار مەحاڵی بەختیاری، کەهگیلویە و بویر ئەمەد، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنی ئەو دوو گیانبەختکردووەدا لە شاری مەسجد سلێمان کرد و لەم ڕێوڕەسمەدا دژی بەرپرسانی ڕێژیم دروشمییان گوتەوە.