کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەحمەد خاتەمی: بەزەییتان بە خۆپیشاندەراندا نەیەت

20:49 - 16 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ئەحمەد خاتمی پێشنوێژی هەینی تاران تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆکاری شەڕن و بەزییتان بە خۆپیشاندەراندا نەیەت و ئەو کەسانە ئامریکایین.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ئەحمەد خاتەمی پێشنوێژی هەینی تاران گوتوویەتی: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هۆکاری سەرەکین بۆ زیاترکردنی خۆپیشاندانەکان و باسی لەوەش کردووە، کاتێک تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان داخران و سنووردار کران ، فیتنە هێور بووەوە.

ئەو بەرپرسە ئایینیەی ڕێژیم جەختی کردووەتەوە بەزەییتان بە خۆپیشاندەراندا نەیەتەوە ئەوانە ئامریکایین.

لە هەفتەی ڕابردوو زیاتر لە ٥٠ شاری ئێران دژ بە سیستمی دەسەڵاتداری تاران هاتنە سەر شەقام و داوای ڕووخانی ڕێژیمی ئێرانیان کرد.

بناژۆخوازەکانی ڕێژیم بەردەوام بیر لە کۆنترۆڵکردنی تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەنەوە و هەوڵی خۆماڵیکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەدەن.

ئەحمەد خاتەمی باسی لەوەش کردووە: ئێـمە بە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە کلیلی لە دەستی سیستەم دابێت ڕەزامەندین و لە زاری ئەم گەلەوە دەڵێم، تۆڕێکی کۆمەڵایەتی کە کلیلی لە دەستی ئەمریکا دابێت ، گەل پێی ڕازی نییە.

بەرپرسانی ڕێژیم بەردەوام باس لەوە دەکەن که خۆپیشاندەران ئامریکایین و نابێت بەزەییان پێیاندا بێتەوە. گوتارخوێنی هەینی تاران دەڵێت: ئەوانەی کە دووژمنکارانە تێكەڵ بە خۆپیشاندەرەکان بوون و هێشتا پێداگری لە سەر هەڵوێستی خۆیان دەکەن بەزەییتان پێیان نەیەتەوە.

قسەکانی خاتەمی لە کاتێک دایە که پێشنوێژی گوندی ئەندێزێی شاری پیرانشار، مەلا ڕەسوڵ، داوا لە مامۆستایانی ئایینی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکات لایەنی خەڵک بگرن و بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی لە بەرژەوەندی دەسەڵات قسە نەکەن.