کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل داوای پشتیوانیی جیاواز لە خۆپیشاندەران دەکات

14:21 - 17 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: میدیاکانی وڵاتی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە کە ئامریکا و ئیسرائیل دەبێ خۆپیشاندەرانی ئێران چەکدار بکەن.

ڕۆژنامەی ئورشەلیم پۆست\'\' لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە سەرەڕای ئەوەیکە دانڵد ترامپ\'\' پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران کردووە، دەبێ ئامریکا و ئیسرائیل به شێوەیەکی دیکەش پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی دژبەری ڕێژیم بکەن.

ئەو ڕۆژنامەی ئیسرائیل باسی لەوە کردووە: ئەو پشتیوانیانە بە تەنیا بەس نین، ئامریکا بە یارمەتی هاوپەیمانەکانی، وەک ئیسرائیل دەبێ شەو و ڕۆژ لەگەڵ یەکتر هاوکاری بکەن تا لە گونجاوترین دۆخدا، بۆ ناڕازییان چەکوچۆڵ و ئیمکاناتی فەننی پێویست دابین بکەن.

لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی ئورشەلیمدا هاتووە، ئامریکا دەبێ بەرنامەی پێویست بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی ئێران دابڕێژێت، هەروەها بۆ دابینکردنی چەکوچۆڵ ئەو ناڕازییانەی کە دەتوانن چەک هەڵبگرن دەبێ بناسرێن و لەگەڵیان پێوەندی بگیرێت و کاناڵی تایبەت بۆ دابینکردنی ئەو چەکوچۆڵانە دروست بکرێت.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین ڕۆژنامە و بڵاوکراوەی ئۆرووپایی و ئامریکایی ڕووماڵی هەواڵ و ڕووداوەکانی ئێرانیان کرد و لە بەشێکیاندا مەسەلەی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بوو بە مانشێتی هەواڵی یەکەمیان.

خۆپیشاندانی خەڵک لە سەرانسەری ئێران و کوردستان له ئاکامی ٤٠ ساڵ خراپ بەڕێوەبەری، دزی، تاڵان و زوڵم، بەرێوە دەچێ کە بەرهەمی سیستمی دواکەوتووی ویلایەتی فەقیهییە.