کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

\"ئاوەڕۆ‌خەوی\" نوێترین دیاری کۆماری ئیسلامی

14:24 - 17 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: لە پاش دیاردە هەژێنەرەکانی وەک کارتۆنخەوی، گۆڕخەوی و خورخەوی، ئەمجارەیان نۆرە گەیشتۆتە ئاوەڕۆخەوی کە لە سێبەری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بە دیاری هاتووە.

لە حاڵێکدا کە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان بەهۆی دۆخی نەشیاوی ئابووریی و سیاسی ئێران، هاتووەتە ئاراوە و سەرانی رێژیم ئەم مافخوازییە بە ئاژاوە ناودێر دەکەن، خەڵکانێکی چارەڕەش، بوونیان هەیە کە لە نێو ئاوەڕۆکانی تاراندا وێڕای سیسرک و قالۆنچەکان دەژین.

ڕۆژنامەی شهروند لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە ژیانی پڕ لە چەرمەسەری ئەم کەسانە کردووە؛ خەڵکانێکی داماو و هەژار، کە ناچارن بۆ درێژەی ژیان ببنە هاوماڵی مار و دووپشک و سیسرکەکانی نێو زێرابەکان.

یەکەم ڕستەی ئەم ڕاپۆرتە ئەوپەڕی تراژێدیاکە دەردەخات: لە یەکەم وێنادا ترس داتدەگرێ؛ ترس لە بینینی ژیانی کەسانێک کە لە نێو کاناڵە بەرتەسک و تاریکەکانی ئاوەڕۆی شاردا دەژین؛ کاناڵگەلێک بە بۆنسار و پڕ لە مشک و قالۆنچە و مێلوورە و مارمیلکە.

ئەو کەسانەی کە لە نێو ئەم کاناڵانەدا دەژین کەسانێکی لاواز و نەخۆشن؛ نەخۆشینی وەک ئێعتیاد، نەخۆشییە ئێپیدیمییەکان، نەخۆشینی گورچیلە و هەناو و دەیان نەخۆشی دیکەی لەم چەشنە.

کۆماری ئیسلامی دەڵێ لە ئێراندا ٢ میلیۆن کەس برسیمان هەیە کە توانای تێرکردنی خۆیان نییە؛ بەڵام کارناسانی ئابووریی و یەک لەوان حسەین ڕاغفەر دەڵێن: ئەم ئامارانە کە دەوڵەت دەیدرکێنێ گەشبینانەیە و لانیکەم ٥ میلیۆن کەس لە ئێراندا لە هەژاری ڕووتدا دەژین.

یەكێك لە دروشمەكانی ڕێژیم لە سەرەتای هاتنە سەركاریدا، سەرەڕای بەخۆڕاییكردنی ئاو و كارەبا و ئوتووبووس، ئەو ڕستە بەناوبانگە بوو كە لە كاتی خۆیدا بوو بە مانشێتی ڕۆژنامەكانی ئێرانیش: خانوو مەكڕن، خانوو بۆ هەمووتان دابین دەكەین.