کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی ڕاپۆرتێرانی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پێوندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ئێران

14:32 - 17 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: چوار ڕاپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاپۆرتێکی هاوبەشیان لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ئێران، بڵاو کردەوە.

عاسمە جەهانگیر، ڕاپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، هاوڕا لەگەڵ سێ ڕاپۆرتێری دیکەی ئەو رێکخراوەیە، لە ڕاگەیندراوێکی هاوبەشدا، نیگەرانیی خۆیان لە ڕاستای کردەوە سەرکۆتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بەرانبەر بە ناڕازییان، دەربڕی.

لەو ڕاگەیندراوە هاوبەشەدا هاتووە: داواکاریی خەڵکی ناڕازی بۆ ئازادی ڕادەربڕین و پێوەرەکانی بژیوی ژیان و مافەکانیان دەبێ ڕێزی لێ بگیردرێت و لەبەرچاو بگیردرێن، ئێمە لە هەمبەر کوژرانی زیاتر لە ٢٠ منداڵ و دەسبەسەر کرانی سەروی ١٧٠٠ کەس نیگەرانین.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی هەواڵدریی Iran freedom لە ڕاگەیندراوی هاوبەشی عاسمە جەهانگیر، ڕاپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، دەیوید کی، ڕاپۆرتێری تایبەتی ئازادیی باوەڕ و رادەربڕین ، ئیگنس کالامارد، ڕاپۆرتێری تایبەتی ئیعدامە نایاسایی و سەرەڕۆییەکان و مایکل فەراسەت، ڕاپۆرتیری تایبەتی بارودۆخی لایەنگرانی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هاتووە، کە ئێمە بە جیدی لەمەڕ چۆنیەتی مامەڵەی رێژیمی ئێران لەگەڵ خەڵکی ناڕازی و داهاتووی دەسبەسەرکراوەکان نیگەرانین، بەخێرایی دەبێ ناو و شوێنی هەموو دەسبەسەرکراوەکانی ئەو ناڕەزایەتییانە ئاشکرا بکرێت و ئیزنیان پێ بدرێت کە لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکار و هەروەها ڕاوێژکاری یاسایی چاوپێکەوتنیان هەبێت و هەروەها وتوویانە: بە ڕای ئێمە بڕیارەکانی ڕێژیمی ئێران بە سپای پاسداران سەبارەت بە بەکارهێنانی هێز بۆ سەرکوت کردنی ناڕەزایەتییەکان و هەروەها هەڕەشەکانی دەزگای قەزایی ئەو ڕێژیمە، جێگای قەبووڵ کردن نین.

لەو ڕاپۆرتە هاوبەشەدا لەکارخران و فیلتێر کردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هێڵە پێوەندییەکانی خەڵک لە لایەن ڕێژیمەوە مەحکووم کراوە و نیگەرانیی خۆیان لە پێوەندی لەگەڵ پچڕاندن و لەکارخستنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام و تێلیگرام، دەربڕیوە.