کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیم هەڕەشەی لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کرد

15:12 - 17 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران، جارێکی دیکە هەڕەشەی توندی لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کرد.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٦ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، مەحموود عەلەوی، وەزیری ئیتلاعاتی ڕیژیمی ئێران، هۆشداری بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دا و هەڕەشەی توندی لێ کردن.

وەزیری ئیتلاعات لە لێدوانێکدا لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی کوژراوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی شاری پیرانشار، لە ورمێ ڕایگەیاند: بە زووترین کات سەربازانی ئیمام زەمان وڵامی توند بە گرووپە دژبەرەکانی حکوومەت لە ناوچەکە دەدەنەوە.

ئەو هەوڵویستە وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیم ئێران، لەوە سەرچاوە دەگرێت، کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، باسی لە شەڕ و تێکەڵچوونی پێشمەرگەکانی شار لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران له گوندی زێوە سەر بە ناوچەی پیرانی شاری پیرانشار کردبوو.

هێزەکانی ڕێژیم لەگەڵ هێزە بەکرێگیراوەکانیان ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆ هێرشیان کرده سەر گوندی زێوە سەر بە ناوچەی پیرانی شاری پیرانشار و بە شێوەی دڕندانە لەگەڵ خەڵک دەرگیر بوون.

لەو هێرشەدا پێشمەرگەکانی شار لە هێزەکانی ڕێژیم هاتنە دەست و بە هێرشێکی پێچەوانەوە زەبرێکی کاریگەریان لە هێزەکانی ڕێژیم و بەکرێگیراوانیان دا و سێ کەس لە هێزەکانی سپای پاسداران لەو شەڕ و تێکەڵچوونەدا کوژران.