کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی ڕاپەڕیو شەقامەکان چۆڵ ناکەن

20:27 - 17 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: سەرەڕای میلیتاریزە کردنی هەرچی زیاتری شار و شارۆچکەکانی کوردستان و ئێران، گەلانی ڕاپەڕیو ئامادە نین شەقامەکان چۆڵ بکەن.

لە درێژەی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران، شەوی ڕابردووش لە چەندین شار و شارۆچکەی ئێران و کوردستان، بەدژی کۆماری ئیسلامی درووشمی ڕووخان بەرز کرایەوە و درووشم نووسین لە سەر دیوارەکان بەردەوام بوو.
شەوی ١٦ی بەفرانبار، لە شاری گێڵان لە پارێزگای کرماشان، ڕەشت، ماهشەهر، ئیلام، گەوهەردەشت، کەرەج و چەندین شار و شارۆچکەی دیکەی ئێران، خۆپیشاندانی ئێعترازی بەڕێوە چوو و خەڵک بۆ چەندەمین جار لە شەوانی ڕابردوودا لەدژی ڕێژیم وەستانەوە؛ ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ نووسینی درووشمی ڕوخان لە زۆربەی شارەکاندا.

درێژەکێشانی ئەم ناڕەزایەتی دەربڕینانە هاوکاتە لەگەڵ میلیتاریزە کردنی هەرچی زیاتری شارەکان لەلایەن چەکدارانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسداران و دەزگای بەدناوی بەسیج.

بەپێی دوایین زانیارییەکان ڕێژیم لە هەموو شارەکاندا و لە نێو فەرمانداری و پادگان و شوێنە ئیتلاعاتییەکان چەکدارەکانی خۆی مۆڵ داوە، تاکوو لە ئەگەری خۆپیشاندانی زیاتر و بەربڵاوبوونی هەڵکووتنە سەر ناڕازییان؛ ئەم ڕەوشە بەتایبەت لە کوردستان بە زەقی دەبیندرێت.

لەلایەکی دیکەشەوە ڕێژیم بەمەبەستی چەواشەکاری و لە هەوڵێکی نەزۆکدا بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی نگریسی خۆی، خەڵک و بەتایبەت کارمەندی ئیدارەکانی ناچار کردووە بەشداری لەو ڕێپێوانانە بکەن کە لەلایەن ڕێژیمەوە ڕێک دەخرێت و بە پەلکێش کردنی قوتابیان و فەرمانبەرانی ئیدارەکان دەیانهەوێ وەها پیشان بدەن کە ڕەواییان لای خەڵک هەیە.

وەک لە ڕاپۆرتەکانی پێشووتریشدا باسی لێوە کراوە، رێژیم بۆ چاوترسێن کردنی گەلانی ڕاپەڕیو، ڕەوتی دەسبەسەرکردنەکانی زیاتر کردووە و لە ڕێگەی دەست و پێوەندییەکانییەوە هەوڵی تۆقاندن و ترساندنی خەڵکی ئاسایی دەدات؛ بەڵام خەڵک بێ‌گوێدان بەم چاوسوورکردنەوانە هەوڵی ڕۆشنگەری لەنێو کۆمەڵگە دەدەن و بەردەوامن لە ناڕەزایەتی دەربڕین.

هەر لەم پێوەندییەدا پشتگیری وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە ویستی ڕاپەریوان بەردەوامە و جگە لە دووپات کردنەوەی ئەم پاڵپشتییانە لەلایەن وڵاتانێکی وەک ئامریکا، هەوڵێکی جیددیش بۆ ناساندن و سزادانی بڕیاردەرانی سەرکووت لە ئێران، لەلایەن سێنای ئامریکاوە هاتۆتە ئاراوە.

جگە لەمەش بۆ پشتیوانی لە ئێعترازە بەرحەقەکانی ئێران، بەشێکی بەرچاو لە ئێرانییەکانی نیشتەجێی ئۆرووپا و ئامریکا لە بەردەم نیهادە حکوومەتییەکاندا کۆبوونەوە و لەدژی ڕێژیمی تاران درووشمیان دا؛ زۆرینەی ئەم خۆپیشاندانانە لە ستۆکهۆڵمی سۆئێد، واشینگتۆنی ئامریکا و هامبۆرگی ئاڵمان بەڕێوە چوون.

هاوکات ڕێپۆرتێرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لێبوردنی نێونەتەوەیی و چاودێری مافی مرۆڤ، ڕەخنەی جیددیان لە ڕەوتی سەرکووت لە ئێران گرتووە و داوایان کردووە بەپەلە کۆتایی بەم ڕەوشە لە ئێران بهێندرێت.

ئا: شەمال تەرغیبی