کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان: لێدوانەکانی ڕێژیمی ئێران کۆمێدیه

14:56 - 18 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: دوای ئەوەیکە ژمارەیەک لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ئیدعای ئەوەیان کرد هەولێر دەستی لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا هەیە، بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم هەڵویستی توندیان گرتە بەر.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەتی ھەرێم، له كۆبوونه‌وه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ سیامەک بورهانى، جێگرى کونسوڵى گشتیی ڕێژیم لە هەولێر، بە فەرمى سەبارەت بە لێدوانێکى مۆحسێن ره‌زایى، سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی به‌رژوه‌ندییه‌كانى ڕێژیم، نیگەرانی و ناڕەزایەتیى هەرێمى کوردستانى دەربڕی.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا فه‌لاح مسته‌فا، باسی لەوە کردووە: قسه‌كانی ڕه‌زایی پێچەوانەى بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکانە بۆ پەیوەندى دوو لایەنە، چونکە قسەکانى چەند تۆمەتێکى هەڵبەستراوى بێ بنەمایە و یەکەم جاریش نییە ئەم تۆمەتانە لە لایەن گەورە بەرپرسانى ئێرانەوە بڵاودەکرێتەوە، ئەگەر ناوبراو هەر بەڵگەیەکى هەیە لەسەر ئەم مەسەلەیە با بیخاتە ڕوو.

هەروەها نێچیرڤان بارزانی باسی لە تۆمەتبارکردنی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەرپرسانی باڵای ئێرانەوە کرد و ڕایگەیاند: ئەو قسەی کە ئێمە دەستمان لە ئاڵۆزییەکانی ئێران هەیە، زیاتر لە کۆمیدی دەچێت تاوەکوو لە ڕاستی، ئێمە بەهیچ شێوەیەک لە هەرێمی کوردستان دەستمان لەو کێشانەدا نییە؛ ئەو مەسەلە بابەتێکی ناوخۆیی خودی ئێرانە و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و هیوادارین لە چوارچێوەی ئێراندا چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە.

هەر لەمبارەوە، سەفین دزەیی وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای ڕەت کردنەوەی ئەو تۆمەتە وەپاڵدراوە وتی: ئێمه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک ئه‌م تۆمه‌ته‌ دروستكراوه‌ بێبنه‌مایه‌ كه‌ له‌ هه‌موو ڕاستییه‌كه‌وه‌ دووره،‌ ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌؛ هه‌رێمى كوردستان به‌ كرده‌وه‌ سه‌لماندوویه‌تى كه‌ هه‌میشه‌ فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگیریى ناوچه‌كه‌ بووه‌ و هه‌رگیز ڕێگه‌ى نه‌داوه‌ و نادات ببێته‌ هۆى ئاڵۆزى و دروست بوونى بشێوى له‌ وڵاتانى دراوسێدا.

لەم پێوەندییەدا بەرێزمستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ کاناڵی ڕووداو لەو باریەوە باسی لەوە کرد: نە من، نە کەسی دیکە، ئاگاداری ئەو کۆبوونەیەوە نییه، چوونکە لە ئەسڵ و ئەساسدا ئەو کۆبوونەوەیە نەبووە، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆرتر بۆ ئەوەیکە هەولێریش لەو کێشەیەدا تێوەگلێنێ باس لەو مەسەلە دەکات، دەنا هیچ پێویست ناکا؛ ئەگەر قەرارە هەماهەنگییەک بێت پێویست ناکات لە هەولێر بێت، ئەو ڕێکخراوانەی ئێران باسیان لێ دەکات خۆیان لە ئامریکا و ئورووپان.