کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شەش شاری ئاڵمان پشتیوانی لە ڕاپەرینی گەلانی ئێران کرا

15:05 - 18 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: بە بەشداری کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ئاڵمان و ژمارەیەک لە حیزبەکانی کوردستان و ئێران، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکانی مەدەنی لە شەش شاری ئاڵمان خۆپیشاندانی پشتیوانی لە ڕاپەرینی گەلانی ئێران بەرێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٥ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئاڵمان و ژمارەیەک لە رێکخراوە کوردستانی و ئێرانییەکان بە مەبەستی پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی نێوخۆی وڵات لە شاری نورێمبێرگی ئاڵمان خۆپیشاندانێکیان بەرێوە برد.

ڕۆژی شەممەش لە درێژەی گردبوونەوەکان و لە ژێر رووناکایی سیاسەتی نەتەوەیی و مرۆیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لە مێژووی خەبات و تێکۆشانیدا ئاڵاهەڵگر و پێشەنگی خەبات و تێکۆشان بە دژی داگیرکەرانی کوردستان و ڕێژیمە تۆتالیتەرەکانی پاشایەتی و ئاخووندی بووە، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ٥ شاری تری ئاڵمان وێڕای زۆرێک لە ڕێکخراوە کوردستانی و ئێرانییەکان لە پێکهێنان و بەرێوەبردنی خۆپیشاندانەکان بە دژی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی لە گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد، ڕۆڵی سەرەکی خۆی گێڕا و بەشداری کرد.

خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی شەممە لە شارەکانیهامبۆرگ، هانۆڤەر، کۆڵن، دوسلدۆرف و شتووتگارت بە بەشداری چالاکانەی ئەندامانی حیزب و بە ئاڵای کوردستان و ئارمی حیزبی دێموکراتەوە بەرێوەچوو؛ لە شاری هامبۆرگ بە سەدان نوسخە لە پەیامی کۆمیتەی ئاڵمان کە بە زمانی ئاڵمانی ئامادەکرابوو، درایە دەستی ئاڵمانییەکان.

گردبوونەوەکان لە نێوخۆی وڵات و دەرەوە بە مەبەستی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و هێنانە سەرکاری حکوومەتێکی ئازاد و دێموکرات درێژەی هەیە و کۆمیتەی ئاڵمانیش بڕیاری داوە کە لە ڕۆژانی داهاتوودا چالاکانەتر بەشداری بکا.