کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوێستی کانونی نووسەرانی ئێران له هەمبەر دەسبەسەرکردنی خۆپیشاندەران

15:09 - 18 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: کانونی نووسەرانی ئێران به بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، داوای ئازادکردنی هەموو ئەو کەسانەی کردووە که لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە دەسبەسەر کراون.

کانونی نووسەرانی ئێران، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، جیا لە ڕخنەگرتن له دەسبەسەرکردنەکان، ڕایگەیاندووە: کانونی نووسەرانی ئێران خوازیاری ئازادی ڕادەربڕین و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی خەڵکن و هەموو شارۆمەندەکان دەبێ به ئازادی، له حیزب و ڕێکخراو و سەندیکاکاندا چالاکی سیاسی بکەن.

لەم ڕاگەیەندراوە جەخت کراوە که هەموو دەسبەسەرکراوان دەبێ به زووترین کات ئازاد بکرێن؛ لەم بەیانییەدا هاتووە دەسبەسەرکردنەکان تەنیا له ڕەوتی خۆپیشاندانەکاندا نەبووە، بەڵکوو زۆرێک له گیراوان لە زانکو و ماڵ و شوێنی کارەکانیان دەسبەسەر کراون.

به پێی دوایین ڕاپۆرتەکانی چالاکانی مافی مرۆڤ، هەتا ئێستە نزیک به ٢١٠٠ کەس دەسبەسەر کراون که زۆرتر له سەد کەسیان خوێندکارن.
کانونی نووسەرانی ئێران پاڵپشتی خۆی له خۆپیشاندانەکان دەربڕیوە و وەکوو مافێکی خەڵک بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان، ڕخنەی توندی له کردەوەکانی ڕێژیم بۆ سەرکوتکردنی خەڵک و نەبوونی ئازادییەکان، گرتووە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، شیرین عێبادی، پارێزەری مافی مرۆڤ باسی لەوە کردووە که دەسبەسەرکراوەکان که ٩٠ لە سەدیان لاو و خوێندکارن، له زیندانەکان ئەشکەنجه دراون.

شیرین عێبادی، باسی لەوە کردووە به پێی دوایین زانیارییەکان، له نێو زیندانەکاندا دەسبەسەرکراوان ئەشکەنجه دەدرێن، بە تایبەت له بەندەکانی ٢٤١ و بەندی ٢ الف.

ناوبراو هەروەها، سەبارەت به هەڵسوکەوتەکانی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە که دەبێ لەگەڵ خەڵک ژیرانە بجوولێنەوە، نەک به ئەشکەنجه و گوشارهێنان.