کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکۆردی نوێی دۆلار لە ئێران

14:39 - 19 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: دوایین ڕێکۆردی دۆلار لە بازاڕەکانی ئێراندا بریتی بوو لە ٤٥٠٠ تمەن.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانبار، نرخی دۆلار لە سەڕافییەکاندا گەیشتە ٤ هەزار و ٥٠٠ تمەن.

نرخی دۆلار لە حەوتووی ڕابردوودا و لە ڕەوتی خۆپیشاندانە ئێعترازییەکانی خەڵکی ئێران سنووری ٤٤٠٠ تمەنی تێپەڕاند، بەڵام کۆماری ئیسلامی بۆ کۆنترۆڵی دۆخەکە لە ڕێگەی بانکی ناوەندییەوە، بێ لەبەرچاوگرتنی ئاسەوارەکانی ئەم کارە، بەلێشاو دۆلاری ڕژاندەوە نێو بازاڕ.

بەپێی ڕاپۆرتێکی هەواڵدەریی تەسنیم، تەنیا لە ڕۆژانی ١٤ تا ١٦ی بەفرانبار، بانکی ناوەندی بڕی ١٧٠ میلیۆن دۆلاری ڕژاندووەتە نێو بازاڕەکان تاکوو بتوانێ دۆخی بازاڕ ئارام بکاتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی بەفرانبار، ئەحمەد وەفادار ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری سنفی زێڕ و زێوی ئێران، لەسەر بەرز بوونەوەی دۆلار و سکەی زێر وتوویەتی: خۆپیشاندانەکان بوونەتە هۆی ئەوەی خەڵک پاشکەوتەکانی خۆیان لە بانکەکان وەرگرنەوە و دۆلار و سکەی زێڕ بکڕن، هەر بەم بۆنەوە نرخی دۆلار و سکەی زێڕ بەرز بوونەتەوە.