کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٦٠٠ میلیارد تمەن بۆ نۆژەن کردنەوەی گۆڕی ئیمامزادەکان سەرف دەکرێت

15:05 - 19 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر بارودۆخی بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان بوونی نییە، بڕیار دراوە بڕی ٦٠٠ میلیارد تمەن بۆ نۆژەن کردنەوەی گۆڕی ئیمام و ئیمامزادەکان سەرف بکرێت.

ڕۆژنامەی کەیهانی لەندەن لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە سەرۆکی دامەزراوەیەکی خێرخوازی سەر بە ڕێژیم وتوویەتی: هیچ زانیارییەکی وردمان لەسەر دوابارودۆخی بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان نییە تاکوو پشتیوانییان لێ بکەین؛ بەڵام بڕی ٦٠٠ میلیارد تمەنمان دیاری کردووە تاکوو بەرجەوەنی فاتمەی زەهرای پێ نۆژەن بکەینەوە و پانتایی حەرەمی ئیمام عەلی ٢٠ قات زیاد بکەین و پانتایی حەرەمی امامین جوادین ٦٠ قات گەورە بکەینەوە.

فاتمە دانشوەر سەرۆکی گشتیی دەزگای مهرآفرین وتوویەتی: تەنیا لە شاری سەرپێڵ، ٦٥ هەزار و ٧٠٠ خانەوار لە خێوەتدا دەژین و بونیادی مەسکەنیش کانێکسی تەنیا بە ٩٠٠ خانەوار داوە؛ سەرجەم ٦٠هەزار خانوو تێک‌ڕووخاون کە ٦٢ هەزاریان سەد لە سەد خاپوور بوون؛ یەکێک لە گرینگترین کێشەکانی بوومەلەرزەلێدراوان لە ئێستادا نەبوونی سرویسی بێهداشتی و حەمامە کە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی چەندین جۆر نەخۆشینی پێستی و هەناوی.

چەند ڕۆژ پێش ئێستاش هەواڵدەرییەکان باسیان لەوە کرد کە بەشێک لە خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی کرماشان ماوەی نیزیک بە ٦٠ ڕۆژە هیچ جۆرە گۆشتێکیان نەخواردووە!

ئەم ئامارە هەژێنەرانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە سەرۆکی ستادی نۆژەنکردنەوەی عتبات عالیات ڕایگەیاندووە: ساڵانە جیا لە بودجەی تایبەت کە پێمان دەدرێت، بڕی ٦٢ میلیارد تمەنیشمان پێدەگات تاکوو گومەزی گۆڕی ئیمام حسەین بەرزتر بکەینەوە و بە زێڕ جوانکاری بۆ بکەین!

حەسەن پلارک وتوویشیەتی: لە هەڵمەتێکی مێژوویی و بێ‌وێنەدا توانیمان پانتایی حەرەمی ئیمام عەلی لە عێراق ٢٠ قات زیاتر بکەین و بەرجەوەنی فاتمەی زەهراش نۆژەن بکەینەوە؛ بڕیاریشمان داوە تا ٥ ساڵی دیکە حەرەمی امامین جوادین لانیکەم ٦٠ قات گەورە بکەینەوە!