کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاسمیلاسیونی چڕتر بۆ گۆڕینی سیستمی پەروەرده له ئێراندا

15:37 - 19 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران وزارەتی پەروەردە بۆ وزارەتی تربیت رسمی و عمومی بۆ ئاسمیلاسیون بەرفراوانتر و پەرەسەندنی مەزهەبگەرایی دەگۆڕێت.

جێگری پەروەردەیی و کولتووری وەزیری پەروەردەی ڕێژیم، ڕایگەیاندووە: که وزارەتی پەروەردە له ناوەندێکی زانستی و فێرکاری بۆ ناوەندێکی کولتووری و بارهێنان دەگۆڕدرێت و ناوەکەی دەبێتە وزارت تربیت رسمی و عمومی.

بە وتەی عەلیڕەزا کازمی، بەپێی بڕیاری گۆڕینی بناغەی سیستمی پەروەردە، که له لایەن خامنەییەوە پەسەند کراوە، وەکوو گەڵاڵەی پیشنیاری به ناوی طرح تحول اسلامی و بومی مدارس لەبەرچاو گیراوە.

وزارەتی پەروەردە، لەم ڕاستایەدا له ستادەکانی بەسیجی قوتابخانەکان، ڕێکخراوە قوتابخانەکان، ئەنجومەنە ئیسلامییەکان و ڕێکخراوەکانی دیکەی هاوشێوەی بەسیج، بۆ سیستمی تازەی پەروەردە له ئێراندا کەڵک وەردەگرێت.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، له کاتی دامەزراندنی هەتا ئێستە، بناغەی پەروەردەیی له ئێران به شێوەێک داناوە، که پەروەردەکە گشتی و زانستی نەبووه، بەڵکوو قوتابیانی ئێرانی له ڕاستای سیاسەتەکانی خۆی و ئیسلامی پەروەردە کردووە و زانست کەمترین دەوری لە پەروەردەی ڕێژیمی ئێراندا هەبووە.

لە بەشی سەرەکیی پەروەردەی ڕێژیم، هەتا ئێستە بەرەو پێشبردنی سیاسەتی تواندنەوەی نەتەوەکانی دیکەی ئێران جیا لە فارس بووە و گرنگییەکی تایبەتیش به پەروەردەی مەزهەبی و کۆنەپەرەستانه له قوتابخانەکانی ئێران داوە.

هەر بۆیەش ئاستی زانیاری قوتابخانەکانی ئێران، لە بەراورد لەگەڵ ناوچەکە و جیهان زۆر لاوازە، هەر بەو شێوەش تا ئاستی خوێندنی باڵا لەو سیستمە دواکەوتووانە ڕەچاو دەکەن.

ئیستەش گۆڕینی سیستمی پەروەردیی له ئێران له لایەن ڕێژیمەوە، بۆ نۆی کردنەوە و گەیاندنی ئاستی زانیاری له قوتابخانەکان لە ئاستی جیهانی نییە، بەڵکوو ڕێژیمی ئێران بەو گەڵاڵەیە دەیەوێت کاریگەری سیاسەتە دواکەوتووەکانی خۆی زۆرتر بکات و بیرۆکەی مەزهەبی له جۆری ولایەت فەقیهـ له نێو جیلی تازەی نەتەوەکانی ئێران زۆرتر پەرە بدات.

بەگشتی ڕێژیمی ئێران بەو سیستمە پەروەردەیییە مافی خوێندن به زمانی دایکی لە هەموو نەتەوەکانی ئێرانی وەرگرتووە و لەم ئاڵوگۆڕەشدا نە تەنیا له بیر کراوە، بەڵکوو بەئەنقەست دەیانەوێت بیرۆکەی مەزهەبی زاڵتر بکەن و مافی نەتەوەیی و خوێندن بە زمانی دایکی به تەواوەتی پێشێل بکەن.