کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم پەنای بۆ زیندانەکان برد

15:41 - 19 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ بەدەست هێنانی ڕەوایی درۆینەیی خۆی زیندانییەکان دێنتێتە سەر شەقام.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاربەدەستانی ئەمنییەتی و نیزامیی ڕێژیم لە کوردستان و ئێران، بە مەبەستی خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لە ڕێژیم زیندانییانی هێناوەتە سەر شەقام، هەتا دژی خۆپیشاندەرانی دژبەری ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندان بکەن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، باسی لەوە کرد، لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە شاری سنه، ئەو زیندانییانەی کە تاوانی سووکیان هەبووە، بۆ ئەوەی بە نیشانەی پشتیوانی لە ڕێژیم خۆپیشاندان بکەن و دروشم بدەن لە زیندان ئازاد کراون.

هاوکات ڕێژیمی ئێران لە شاری بانە، لە ڕێگەی بنکەی سپای پاسدارانەوە کارتی خەڵات بۆ خەڵکی ئەو شارە نێردراوە، هەتا لە خۆپیشاندانەکاندا بەشداری بکەن و ڕەوایی بە خۆیان بدەن.

لەو پێوەندییەدا، لە سەرانسەری ئێران و کوردستاندا بنکە و ناوەندەکانی ڕێژیم بەتایبەت لە قوتابخانەکان، لە نامەیەکدا داوایان لە کارمەندانی ئیدارەکان و قوتابیان کردووە، کە بێنە سەر شەقام و پشتیوانی لە ڕێژیم بکەن.

هەرەوەها لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئیرج سادقی فەرمانداری شاری مەهاباد، لە ڕێگای تەلەفۆنەوە بە ناردنی کورتەنامە، داوای لە شۆراکانی شار و گوندی مەهاباد کردبوو، کە خەڵکی هان بدەن، کە کاتژمێر ٩:٣٠ سەرلەبەیانی ئەو ڕۆژە بێن بۆ ڕێپێوان بە دژی خەڵکی ناڕازیی لە ئێران و کوردستاندا، مەبەستی ناوبراو لە خەڵکی ناڕازی ئەو کەسانەن کە بە بۆنەی گرانی و بێکاری لە حەوتووی ڕابردوودا خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە و دروشمی ڕووخانی ڕێژیمیان وتووەتەوە.