کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژیانی هاوبەش پێک بێنن، ناڕەزایەتی مەکەن

20:39 - 19 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: پاش هاتنەسەر شەقامی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران، ڕێژیمی ئێران لە ڕێکارێکی نوێدا بۆ پێشگیری لە ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵک، وامی ئیزدواجی زیاد کردووە.

پاش ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر خەڵکی ناڕازی کە تووڕەیی و بێزاری خۆیان لەو رێژیمە لە زۆربەی شارەکانی ئێران دەربڕیوە و دروشمی ڕووخانی ڕێژیمیان داوە، داماو و دەستەوەستان بووە و بۆ دامرکانی دەنگی خەڵک و بەتایبەت گەنجان، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران بڕیاری داوە کە وامی ئیزدواج بۆ ١٥ میلیۆن تمەن زیاد بکرێت.

حەسەن ڕۆحانی ڕۆژی دووشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووری کردووە و پاش ئەو سەردانە، مەسعوود کەرباسیان لە دیمانەیەکی تەلفزیۆنیدا وتوویە: کە سەرکۆمار وامی ئیزدواجی بۆ ١٥ میلیۆن تمەن زیاد کردووە.

بەڵێنی زیاد کردنەوەی وامی ئیزدواج لە حاڵێک دایە، کە زۆربەی بونیادە ئابوورییەکانی ئێران تووشی قەیران هاتوون و ئابووری ئێران بەگشتی داڕمانێکی بێوێنەی بە خۆیەوە بینیوە.

لە لایەکەوە حکوومەت بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو داڕمانە ئابوورییە، نرخی شتومەکی گران کردووە و لە لایەکیشەوە پاش هاتنە سەر شەقامی خەڵک و ناڕەزایەتییەکان، بەڵێنی وامی ١٥ میلیۆن تمەنی بە گەنجان دەدات.

بەپێی قسەی خۆدی بەرپرسانی ڕێژیم، نێونجی تەمەنی ئەو کەسانەی کە هاتوونەتە سەر شەقام و دژ بەو ڕێژیمە وەستاونەتەوە لە نێوان ١٦ هەتا ٢٤ ساڵانن و تەنیا ڕێکاری ڕێژیمی ئێران بۆ هەموو ئەو داواکارییە ڕەوایانەی خەڵکی ناڕازی، ئەوەیە کە وامی ئیزدواجیان پێ بدات تا ژیانی هاوبەش پێک بێنن و کاریان بە ناڕەزایەتی دەربڕین و دەوڵەت و ڕێژیمەوە نەبێت.