کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و کوردستان درێژەی هەیە

14:22 - 20 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و کوردستان دژی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، درێژەی هەیە و دۆخی دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکان نالەبارە.

بەپێی ڕاپۆرته بڵاوکراوەکان، سەرەڕای هەڕەشەی کوشتن و سەرکوتی بێڕەحمانەی هێزە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران، لە خەڵک و هاووڵاتییانی ئێرانی و کوردستانی، لە شەواندا و پچڕپچڕ لە شارەکان خۆپیشاندان بەڕێوە دەبەن و دروشمی ڕووخانی ڕێژیم لە سەر دیوارەکان دەنووسنەوە.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانبار، لاوانی ئەهوازی لە شەودا ڕژاونەتە سەر شەقام و دروشمیان بە دژی ویلایەتی فەقیهـ بەرز کردووتەوە.

هاوکات خەڵک لە شاری ورمێ بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر دەسبەسەرکردنی خۆپیشاندەران لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە، دووکان و فرۆشگاکانی خۆیان داخستووە و مانگرتنیان دەستی پێ کردووە.

هاوکات خەڵکی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویان کردووەتەوە، کە مانگرتنی سەرانسەری دەست پێ دەکەن و هەروەها بانگەواز کراوە کە خەڵکی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، بڕژێنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانی سەرانسەری دژی ڕێژیم دەست پێ بکەن.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن، کە دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکان لە زیندانەکانی ڕێژیم، لە دۆخێکی نالەبارن و هەتا ئێستە ٤ کەس لە خۆپیشاندەران لە زیندانەکانی ڕێژیمدا گیانیان لە دەست داوە.

پاش ئەوەی کە ڕێژیمی ئێران لە هەمبەر خەڵکی ناڕازی کە تووڕەیی و بێزاری خۆیان لەو ڕێژیمە لە زۆربەی شارەکانی ئێران دەربڕیوە و دروشمی ڕووخانی ڕێژیمیان داوە، داماو و دەستەوەستان بووە و بۆ دامرکانی دەنگی خەڵک و بەتایبەت گەنجان، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران بڕیاری داوە کە وامی ئیزدواج بۆ بڕی ١٥ میلیۆن تمەن زیاد بکرێت.

بەڵێنی زیاد کردنەوەی وامی ئیزدواج لە حاڵێک دایە، کە زۆربەی بونیادە ئابوورییەکانی ئێران تووشی قەیران هاتوون و ئابووری ئێران بەگشتی داڕمانێکی بێوێنەی بە خۆیەوە بینیوە.