کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم لە منداڵانیش دەترسێ

14:26 - 20 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: لە ڕەوتی دەسبەسەرکردنە گۆترەییەکان لە ئێراندا، چەند منداڵی ١٠-١٢ ساڵانیش لە شارەکانی ئەهواز و سەرباز دەسبەسەر کراون.

دوایین هەواڵە پێوەندیدارەکان بە ڕێژەی دەسبەسەرکراوانی ئەم دواییانە باس لەوە دەکەن کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەزگای بەدناوی بەسیج و چەکدارانی سەر بە سپای دژەخەڵکی پاسداران بەشێوەی گۆترەیی و هەڕەمەکی خەڵکیان دەسبەسەر کردووە کە لە نێویاندا باس لە گیرانی چەند منداڵی ١٢ و ١٣ ساڵان دەکرێت.

بەپێی ئەم هەواڵانە، لیباس شەخسییەکانی ڕێژیم لە شاری سەرباز سەر بە پارێزگای بەلوچستان کۆمەڵێک منداڵی قوتابخانەیان دەسبەسەر کردووە کە لە نێو ئەوانەدا منداڵێکی ١٢ ساڵەش دەبیندرێ؛ هۆکاری گیرانی ئەم منداڵانە دانی دروشم بەدژی خامنەیی بووە.

هەروەها لە شاری ئەهوازیش منداڵێکی ١٣ ساڵان بە ناوی حەیدەر هەلیچی لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە؛ ئەمەش هاوکات بووە لەگەڵ خۆپیشاندانە بەربڵاوەکانی شەوی دووشەممە ١٨ی بەفرانبار لە شەقامی نادری ئەهواز کە خەڵک لەگەڵ دژەشۆڕشی ڕێژیم تێکهەڵچوون.

تا ئێستا ئامارێکی بڕواپێکراو لەسەر ڕێژەی گیراوانی چەند ڕۆژی ڕابردوو بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام یەکێک لە بەناو نوێنەرانی مەجلیسی رێژیم وتوویەتی: لانیکەم ٣٧٠٠ هاووڵاتی دەسبەسەر کراون.

عەلی خامنەیی و چەندین لێپرسراوی دیکەی ڕێژیم سەبارەت بە ڕووداوەکانی دوو حەوتووی ڕابردووی ئێران، بەردەوام هەوڵیان داوە وەها پیشان بدەن کە ئەوەی لە ئێران ڕوودەدات، ئاژاوەگێڕی ئامریکا و ئیسرائیلە و تەنانەت هەموو سنوورەکانیان بەزاندووە و خەڵکی ناڕازی و ڕاپەڕیو بە دوژمنانی ئێران و گۆپال بەدەستی بێگانە دەناسێنن.