کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی: ئەم شێتبازییە بێوڵام نامێنێتەوە

15:41 - 20 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ناڕەزایەتییەکانی بە گەمەی شێتانە ناو بردووە و هەڕەشەی لە خەڵکی ناڕازی و ئامریکاش کردووە.

ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پاش تێپەڕبوونی نزیک بە دوو حەوتوو لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران لەسەر شەقامەکان، ڕۆژی سێشەممە ١٩ی بەفرانبار ١٣٩٦ی هەتاوی، لە شاری قوم، بە بێڕێزی و قسەی سووک، دەستی داوەتە هەڕەشە و گوڕەشە و تۆمەتبار کردنی خەڵکی وەزاڵەهاتوو.

بەپێی هەواڵدەرییەکانی خۆدی ڕێژیم، عەلی خامنەیی لەو کۆبوونەوەیەدا، ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێرانی بە پیلانی داڕێژراوی ئامریکا ناو بردووە و هەموو ئەو کەسانەی کە بەشدارییان لەو ناڕەزایەتییانە کردووە، بە سیخوڕ و سەر بە ئامریکا و ئیسرائیل ناوی بردوون.

ناوبراو زۆربەی ناڕازییانی بە داردەست و سیخوڕی ئامریکا و ئۆپۆزسیۆنی دژبەری حکوومەتەکەی خۆی ناو بردووە، کە ئەم دەربڕینەی خامنەیی دەتوانێ ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ ڕەشبگیری و توندوتیژی و سەرکوتی بێبەزەیانەی سپای پاسدارانی ڕێژیم.

عەلی خامنەیی ڕوو لە ئامریکا وتوویە: کە تیری بە بەرد کەوت و ئەوەش بزانێت ئەگەر دیسان هەوڵ بدات دیسان شکست دەخوات، هەروەها ڕوو لە ناڕازییانی نێوخۆی ئیران وتوویە: هێرش بردنە سەر شوێنە ئایینییەکان و بێڕێزی کردن بە قورئان و ئیسلام سووتاندنی ئاڵای ئێران قەبووڵ ناکرێت، ئەوە لە حاڵێک دایە بەپێی وتەی خەڵکی ناڕازی، بکەرانی ئەو جۆرە کارانە داردەستی خۆدی ڕێژیمن و ئەو جۆرە کارانەیان بە مەبەستی دروست کردنی بیانوویەک بۆ سەرکوت و ڕەشبگیری ئەنجام داوە.

ڕێبەری ڕێژیم زۆر بە زمانێکی سووک ناڕەزایەتییەکانی بە ئاگربازی، شەیتانبازی و هەروەها زەربەی دوژمن لە نیزام ناو بردووە و وتوویە: کە ڕێکخەرانی ئەو ناڕەزایەتییانە ئامریکا و ئیسرائیل و بریتانیا بوون و پارەکەشی لە لایەن وڵاتێکی خرپول، واتە عەرەبستانەوە دابین کراوە و ڕوو لە ئامریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی دەرەوە، وتوویە: ئەم کارە شێتانەیە بێوڵام نامێنێت و هەڕەشەی تۆڵە کردنەوە و وڵام دانەوەی بەو وڵاتانە کردووە.

لە دەسپێکی ناڕەزایەتییەکانی هەتا ئێستە، بە دەیان کەس لە کاتی ناڕەزایەتییەکان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کوژراون و بەپێی ئاماری خۆدی ڕێژیم هەتا ئێستە ٣٧٠٠ کەسیش لەو پێوەندییەدا دەسبەسەر و زیندانی کراون، کە ٥ کەسیان لە ژێر ئەشکەنجە و بە شێوەیەکی گوماناوی لە بەندیخانەکانی ڕێژیمدا گیانیان بەختکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کەیهانی لەندەن، لە زیندانەکاندا بە باتووم و شیلەنگ و سیمی کابل دەکەونە گیانی ناڕازییانی دەسبەسەرکراو و زۆر بێبەزەییانە لێیان دەدەن.