کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆزگریی ئاڵمان تۆمار کردنی سکاڵایەک بە دژی شاهڕوودی پەسەند دەکات

15:45 - 20 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: دۆزگریی ئاڵمان ڕایگەیاند، سکاڵایەک بە دژی سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم، کە بۆ چارەسەریی پزیشکی لە هانۆفری ئاڵمانە، بە دەستیان گەیشتووە.

وتەبێژێکی دۆزگریی ئاڵمان ڕۆژی ١٩ی بەفرانبار ڕایگەیاند، یەکێک لە نوێنەرانی پێشووی پارلەمانی ئەو وڵاتە، سکاڵایەکی لەژێر ناوی جەنایەت دژی مرۆڤایەتی بە دژی مەحموود هاشمیی شاهروودی، بە دەستیان گەیشتووە.

ئەم سکاڵایە لە لایەن فوولکێربەک نوێنەری پێشوو حیزبی سەوزی ئاڵمان، پێشکەش بە دۆزگریی ئەو وڵاتە کراوە و دۆزگری گشتیی ئاڵمان ڕایگەیاندووە: کە لە حاڵی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەسەر دۆسیەی شاهڕوودین.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم کە ماوەیەکە لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی ڕێژیم دەرناکەوێت، ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار، لە ڕاپۆرتێکدا دەوڵەتی ئاڵمان پشتڕاستی کردەوە، کە ئەم بەرپرسەی ڕێژیم بۆ چارەسەریی پزیشکی بۆ ئەو وڵاتە سەفەری کردووە و ڕێگاپێدانی بۆ ئەو وڵاتە بە هۆی بەڵگەی باوەڕپێکراوی پزیشکی بووە.

فولکێربەک نوێنەری حیزبی سەوزی ئاڵمان، کە ئەم سکاڵایەی پێشکەش کردووە، بە ڕۆژنامەی جێروزالم پۆست وتووە: کە لە ١٠ ساڵی سەرۆکایەتی هاشمیی شاهڕوودی لە دەزگای قەزایی رێژیمی ئێران، دوو هەزار حاڵەتی لەسێدارەدان لە وڵاتی ئێران تۆمار کراوە، کە زۆربەیان بە تاوانی شەڕ لەگەڵ خودا یان هۆکاری دینی و نەتەوەیی لە سێدراە دراون؛ هەروەها ناوبراو باسی لە دژەیەکیی ئاشکرای هێندێ لە ئێعدامەکان لەگەڵ کۆنواسیۆنی مافی منداڵان و هێندێ ئەشکەنجەی جۆراجۆر کردووە، کە لە سەردەمی شاهڕوودی ئەنجام دروان.

هاشمیی شاهڕوودی لە شاری نەجەفی عێراق لەدایک بووە و پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتای، بۆ ئێران هاتووە و بە پێکهێنانی کۆڕی باڵای ئینقلابی ئیسلامیی عێراق لەگەڵ حکوومەتی سەدام حوسێن دژایەتی کردووە. ناوبراو ئەندامی شۆرای نیگابان و چوارەمین سەرۆکی دەزگای قەزایی ڕێژیم بووە و لە هاوێنی ئەمساڵدا پاش مردنی هاشمیی ڕەفسەنجانی وەکوو سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم دیاری کرا.