کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هێرشی کردووەتە سەر بنەماڵەی زیندانیانی ئێوین

15:52 - 20 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: بنەماڵەی دەسبەسەرکراوان له زیندانی ئێوین کە زیاتر له ١٠ ڕۆژە لە بەرامبەر ئێوین مانیان گرتووە، لەگەڵ هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەرەوڕوو بوون.

بەشێکی زۆر له بنەماڵەی ئەو کەسانەی که له ڕەوتی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییە به دژی ڕێژیم، دەسبەسەر کراون، له بەرامبەر زیندانی ئێوین کۆبوونەتەوە و ناڕەزایەتی خۆیان له دەسبەسەرکردنەکان دەربڕیوە و داوایان کردووە به زووترین کات، زیندانییەکان ئازاد بکرێن.

ڕێژیمی ئێران ئامارێکی ڕوونی له دەسبەسەر کراوان بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام بی پێی ئاماری ڕێکخراوەکانی چالاکی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە مەدەنییەکان هەتا ئێستە ٣٧٠٠ کەس دەسبەسەر کراون کە له شوێن و سڵامەتی زیندانییەکانیان زانیارییەکی لەبەردەستدا نییە.

ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەوەیکە لەم چەند ڕۆژەدا هەواڵی گیان لە دەستدانی پێنج زیندانی به شێوەی گوماناوی بڵاو بووەتەوە، که بووە هۆی نیگەرانی بنەماڵەی دەسبەسەرکراوان وهانی داون تاکوو بچنە بەردەم زیندانی ئێوین بۆ بەرگری کردن له مافی زیندانییەکان و داوایان کردووە که ئازاد بکرێن.

هەر لەو پەیوەندییەدا، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، هێرشیان کردووەتە سەر ئەو بنەماڵانه و دەستیان کردووە به لێدانی ناڕازیان و هەوڵ دەدەن له بەردەم زیندانی ئێوین دووریان بخەنەوە، بەڵام بنەماڵەکان کە زۆربەیان له ڕێگەی دووریشەوە هاتوون، بەردەوامن له مانگرتن تا دیاریکردنی چارەنووسی زیندانییەکانیان.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتە پیوەندیدارەکان، بەهۆی گوشاری خەڵک و بەردەوام بوونیان له مانگرتن، ڕێژیم چوار کەس له زیندانیانی ئازاد کردووە که سەر بە دەرویشە گۆنابادییەکانن؛ ئەو زیندانیانه هەر لە سەرەتای دەسبەسەرکرانیان، ڕایانگەیاندبوو که ئەگەر ئازاد نەکرێن مان له خواردن دەگرن.