کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم دەیهەوێ تاوانی کوشتنی خۆپیشاندەران بخاتە ئەستۆی خەڵک

14:15 - 21 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: پاش ئەوەیکە لانیکەم ٢٥ کەس لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکان، کوژران، بەرپرسانی ڕێژیم دەیانهەوێ بەرپرسایەتی ئەم کوشتنانە بخەنە ئەستۆی خەڵک.

پاسدار مۆحەممەد باقری، سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە لێدوانێکدا باسی لە گوماناوی بوونی کوژراوانی ئەم دواییانەی ئێران کردووە و ڕایگەیاندووە: بەشێک لە تەقەکردنەکان کە بوونە هۆی کوژران و بریندار بوونی خۆپیشاندەران، لە پشتەوە کراون و کەس نازانێ کێ بوون!

ناوبراو پاش حاشاکردن لەوەیکە لە هیچ شوێنێکی ئێراندا هێزی ئینتزامی، سپا یان بەسیج بە چەکەوە نەهاتوونەتە سەر شەقامەکان وتوویەتی: ئێمە بەدوای بکەرانی ئەو تاوانەوەین!

ناوبراو وتوویەتی: لەلایەن ستادەوە قەدەغە کرابوو کە هێزەکانمان بە چەکەوە بچنە سەر شەقام! ئەم درۆ و دەلەسانەی باقری لە کاتێکدایە کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتی دەربڕینە خەڵکییەکان لە دوو حەوتووی ڕابردوودا، هەزاران کەس لە بەکرێگیراو و چەکدارانی ڕێژیم لە سەر شەقامەکاندا بڵاوەیان پێکرا تاکوو خۆپیشاندەران سەرکووت بکەن.

تەنانەت بەپێی هەندێک هەواڵ و ڕاپۆرتی تایبەت ڕێژیم داوای لە هەموو چەکدارە خانەنشین‌کراوەکانی سپا و بەسیج کردووە کە چەک هەڵبگرنەوە و فریای ڕێژیمەکەیان بکەون.

هەر لەم ڕاستایەشدا ٣ کەس لە دەسبەسەرکراوانی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە نێو زیندانەکانی ڕێژیم گیانیان لەدەستدا کە ڕێژیم ڕایگەیاندبوو ئەوانە خۆیان کووشتووە!