کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەبێ گوشارەکان بۆ سەر سپای قودسی ئێران زیاتر بکرێن

14:28 - 21 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا، جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە گوشارەکانی سەر سپای قودسی ئێران، دەبێ زیاتر بکرێنەوە.

کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا، ڕۆژی چوارشەممە٢٠ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، لە دانیشتنێکی تایبەتیدا، گەمارۆوەکانی ئامریکایان بە دژی هەندێ کەسایەتی، گرووپ و وڵات خستووەتە بەر باس و کاریگەری ئەو گەمارۆوانەیان لە ڕاستای بەرژەوەندی و پاراستنی ئەمنییەتی ئامریکا تاوتوێ کردووە.

نوێنەری کالیفۆڕنیا و بەرپرسی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا، ئەد ڕۆیس، لەو دانیشتنەدا ئاماژەی بە سەرکەوتوویی گەمارۆوەکانی ئامریکا دژ بە سێ وڵاتی کورەی باکوور، ڕووسیە و ئێران و هەروەها حیزبوڵڵای لوبنان کردووە و وتوویەتی: گەمارۆوەکان و گوشاری ئابووریی گرینگترین کەرەستەی ئامریکان بۆ پاراستنی ئەمنییەتی نیشتمانیی وڵاتەکەی و هەروەها وتوویە: کۆنگرە خەریکی ئامادە کردنی گەڵاڵەیەکە بۆ گەمارۆ خستنە سەر سپای قودسی ئێرانە، کە بە چالاکییەکانی خۆی ئەمنییەت و تەناهیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی خستووەتە مەترسییەوە و بووەتە کێشەیەکی گەورە لەو ناوچەیە.

ڕۆیس هەروەها وتوویە: ڕێژیمی ئێران جیا لە سەرکوت کردنی بێبەزەییانەی خەڵکی ئێران، ئامادە نییە کە بە بەڵێنەکانی خۆی بە نیسبەت کۆمەڵگەی جیهانی پێبەند بێت و هێشتا نەیهێشتوە چاوەدێرانی ئاژانسی ناوکی سەردانی هەندێک لە بنکە سەربازییەکانی ڕێژیم بکەن.

لە هەمان ڕۆژدا، کۆشکی سپی باسی لەوە کردووە، کە بە نیسبەت سەرکوت کردن و دەسبەسەر کردنی خەڵکی ناڕازی، ئامریکا بێدەنگ نابێت و بە زووترین کات لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لێپرسینەوەی قەزاییان لێ دەکرێت.