کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەکی پیشەییی بۆکان دوایین هەناسەکانی دەدات

15:05 - 21 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ئیدارەی ئاویاری شاری بۆکان، هۆشداری بە شارەکی پیشەییی بۆکان داوە، کە ئەگەر پارە نەدەن ئاوی ئەو شارەکەیان لێ دەگرنەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەڕێوەبەری گشتیی شارەکی پیشەییی بۆکان باسی لەوە کردووە، کە ئیدارەی ئاویاری ئەو شارە هەڕەشەی کردووە، ئەگەر ئەو شارەکە حەقدەستی چاوەدێریی نەدات، ئاوی ئەو شوێنە پیشەیییە دەگرنەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند: شارەکی پیشەییی بۆکان حەقدەستی چاوەدێریی ساڵەکانی ٩٣،٩٤ و٩٥ی هەتاوی نەداوە و بڕی ٣٠ میلیۆن تمەن قەرزدارە و ئەگەر ئەو بڕە پارەیە نەدات ئاوەکەی لێ دەگرنەوە.

هەڕەشەی گرتنەوەی ئاوی ئەو شوێنە پیشەیییە لە کاتێک دایە کە لە ١٧٧ یەکەی ئەوە شارەکە، تەنیا ٦٠ یەکە کاری بەرهەمهێنان دەکەن.

بەرپرسانی ئەو شارەکە ڕایانگەیاندووە، یەکە پیشەیییەکانی بۆکان لەگەڵ نەبوونی نەختینەیی و کێشەی دیکەی ئابووری بەرەوڕوون.

گەمارۆوە ئابوورییە هەمە لایەنەکان دژی رێژیمی ئێران، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا زەربەی قەرەبوونەکراوی بە بناغە ئابووریی ئێران گەیاندووە و دوورەدیمەنی ئابووریی ئەم وڵاتەی ناڕوون کردووە.