کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆشکی سپی داوای ئازادکردنی خۆپیشاندەرانی کردووە

15:29 - 21 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: کۆشکی سپی نیگەرانیی خۆی لە هەمبەر زیندانی کردن و ئەشکەنجەی خۆپیشاندەرانی ئەم دواییانەی ئێران دەربڕیوە.

لە ڕاگەیندراوێک که سارا هاکبی ساندێرز وتەبێژی کۆشکی سپی له ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، خوێندوویەتەوە؛ کۆشکی سپی بە توندی پێشێل کردنی مافی مرۆڤی له ئێران مەحکووم کردووە و باسیان لەوە کردووە، که لە بەرامبەر شێوازە سەرکوتەکانی خەڵکی ئێران لە لایەن ڕێژیمی دیکتاتۆریی ئیسلامییەوە بێدەنگ نابین.

سارا ساندێرز باسی لەوە کردووە، که دەوڵەتی ترامپ لە پێوەندیی خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران، هەندێک ڕاپۆرتی بە دەست گەیشتووە، که بووەتە هۆی نیگەرانیی ئامریکا و دەوڵەتی ئەو وڵاتە داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ئەو زیندانییانە دەکات.

لە ڕاگەیندراوەکەی کۆشکی سپی هاتووە، که ڕێژیمی دیکتاتۆریی ئێران مافە سەرەکییەکانی هاووڵاتییانی ئێرانی پێشێل دەکات و هەزاران کەس لە خەڵکی ئەو وڵاتەی دەسبەسەر و زیندانی کردووە، هەر لەو پەیوندییەدا کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، که بەرپرسانی ڕێژیمی دیکتاتۆریی ئێران له بەرامبەر هەر شێوە پێشل کردنی مافی مرۆڤ له ئێران بەرپرسن و بەم زووانه بەرپرسانی ڕێژیم لێپرسینەوەیان لێ دەکرێت.