کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوەکانی چالاکیی مافی مرۆڤ داوایان کردووە هاشمی شاهڕوودی دەسبەسەر بکرێت

16:03 - 21 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: هاوپەیمانەتی ڕێکخراوەکانی چالاکیی مافی مرۆڤی ئێران له ڕاگەیندراوێکدا، لە دەوڵەتی ئاڵمان داوایان کردووە، که هاشمیی شاهڕوودی به تاوانی جنایەت به دژی مرۆڤایەتی دەسبەسەر بکەن.

هاوپەیمانەتییەک پێکهاتوو لە هەندێک دامەزراوەی مافی مرۆڤ له ئێراندا، وەکوو: ئیران تریبوناڵ، ناوەندی بەرگریکارانی مافی مرۆڤ، ناوەندی مافی مرۆڤ له ئێران و ناوەندی بەڵگەنامەکانی مافی مرۆڤ له ئیران و...هتد، بە پێشکەش کردنی بەڵگانامەی ڕاستەقینه لەسەر جنایەتەکانی هاشمیی شاهڕوودی، بەرپرسی پێشووی دەزگای قەزاییی ڕێژیمی ئیران، داوایان کردووە که ناوبراو دەسبەسەر بکرێت.

بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە ئاشکرا بوونە، شاهڕوودی له نێوان ساڵەکانی ١٩٩٩ تا ٢٠٠٩ زایینی لە بەرامبەر بە جنایەتەکان به دژی مافی مرۆڤ له ئێران بەرپرسە؛ بەپێی یاسای نێونەتەوەیی وڵاتی ئاڵمان دەبێت شاهڕوودی دەسبەسەر بکات.

لەو ڕاگەیندراوەدا هاتووە، کە شاهڕوودی، بەرپرسی دادگای ئینقلابی ئیسلامی بووە و زۆرێک له چالاکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەوانان، وبلاگ نووسان، چالاکی سیاسی و کەمینە مەزهەبییەکان به حوکمی ناوبراو زیندانی و ئەشکەنجه کراون و گیانیان له دەست داوە و بەشێکیشیان له زیندانەکانی ڕێژیم دەسدرێژی جنسیان کراوەتە سەر.

ئەو بەڵگانە و تەنانەت هەندێک لەو کەسانەی که له کاتی بەرپرسایەتی شاهڕوودی زیندانی و ئەشکەنجه کراون، بە دەوڵەتی ئاڵمان دروان و ناسراون و چالاکانی مافی مرۆڤ لەسەر ئەو باوەڕەن که بەپێی ئەو بەڵگانە و پێبەندیی وڵاتی ئاڵمان به یاسا نێونەتەوەییەکان، نابێت شاهڕوودی به شێوەی دیپلۆماتیک له ئاڵمان بچێتە دەرەوە.

جێگەی ئاماژەیە که شاهڕوودی بۆ چارەسەر کردنی نەخۆشی له شاری هانۆفێری ئاڵمان لەژێر چاوەدێریی پزشکییە.